یەكێتی بەفەرمی ددانی بە ئازادکردنی تیرۆریستانی داعشدا نا

:: AM:11:40:21/05/2020 ‌
بەرپرسێكی یەكێتی ڕای دەگەیەنێت، بە فەرمانی هاوسەرۆكانی یەكێتی، ئەو تیرۆریستە داعشانە ڕادەستی بەرپرسانی كەركووك كراون كە پێشتر چەندان كاری تیرۆریستییان ئەنجام داوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 21ـی ئایار، حەمەسوور دووشیوانی بەرپرسی مەڵبەندی كەركووكی یەكێتی ئاشكرای كردووە، ئێمە بە ڕێنوێنیی هاوسەرۆکەكان و مەكتەبی سیاسیی یەكێتی دەستپێشخەرییمان لە رادەستكردنەوەی تیرۆریستەكان بە پارێزگاری سەپێنراوی كەركووك و هۆزە عەرەبەكانی سنوورەكە کرد.

لە ناویاندا هەیە كاتی خۆی لە شەڕی داعشدا كە حكوومەتی ناوەندی لەم ناوچانە نەبووە، بەشدار بوون 
ئەو بەرپرسەی یەكێتی دەڵێت، ژمارەی تیرۆریستەكان نزیكەی 176 كەسن، لە ناویاندا هەیە كاتی خۆی لە شەڕی داعشدا كە حكوومەتی ناوەندی لەم ناوچانە نەبووە، بەشدار بوون لە كۆمەڵێك كردەی تیرۆریستیی جۆراوجۆر، دیارە زانیاری هەبووە كە لەلایەن هێزەكانی وەزارەتی پێشمەرگە گیراون.

باسی لەوەش كردووە، ئەو تیرۆریستانە بەشێكی زۆریان ددانیان ناوە بەتاوانەكانیاندا كە بەشدار بوونە لە كردە تیرۆریستییەكان.

لەبارەی شێوازی ڕێككەوتنەكە ڕوونی كردووەتەوە، لەلایەن هاوسەرۆك و مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە، ئامۆژگاری كراین دەستپێشخەرییەك بكەین تا ئەو گیراوانەی سەردەمی شەڕی داعش كە لای یەكێتین، بەتایبەتی لە سنووری سلێمانی، هەموویان رادەست بكەینەوە بە حكوومەتی عێراق، هەوڵ بدەین لەمەودوا ئەو كێشانە دووبارە نەبنەوە.

رۆژی 19ی ئایاری 2020 یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دەرەوەی هەموو رێوشوێنێكی تەناهی و ئیداری و بەشێوەیەكی حزبی، لەگەڵ پارێزگاری سەپێنراوی كەركووك و هۆزە عەرەبییەكان رێككەوت و 170 تیرۆرستی رادەست كردنەوە، وەك حەمەسوور دووشیوانی بەرپرسی مەڵبەندی كەركووكی یەكێتی، لە حزووری راكان جبووریدا ددانی پێدا نا، دەستپێشخەرییەكەیش هی ئەوانە و بە ئامۆژگاری هاوسەرۆكی یەكێتی كراوە، لە كاتێكدا هێشتا پێشمەرگە دیلەكانی كەركووك چارەنووسیان نادیارە و شاڵاوێكی تری تەعریب دەستی پێ كردووە لەو ناوچانە، بۆیە دیار نییە و یەكێتیش نەیگوت، ئەمە بۆ دەكات.



وشە - رامیار جەواد