تەواوی خزمەتگوزارییەكانی 120 مەتری جێبەجێ دەكرێن

:: PM:03:04:21/05/2020 ‌

ساڵی رابردوو بێ ئەوەی بەشی ئاوەڕۆ و شەقامی خزمەتگوزاریی بەشی سێیەم و كۆتایی شەقامی بازنەیی 120 مەتری تەواو بكرێ. شەقامە سەرەكییەكە بەڕووی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل كرایەوە كە رێی كەركووك بە رێی مووسڵ گرێ دەدات. ماوەیەكە كۆمپانیای جێبەجێكار دەستی بە جێبەجێكردنی ئەو بەشە كردووە كە بەهۆی رێوشوێنەكانی كۆرۆنا وەستێنرابوو.

20  كیلۆمەتر شەقامی خزمەتگوزاری

درێژیی جووتسایدەكە  11 كیلۆمەتر بوو كە تەواو كراوە، بەڵام 22 كیلۆمەتر ئاوەڕۆ و 20 كیلۆمەتر رێی خزمەتگوزاریش لەخۆ دەگرێ، جگە لە هەشت خاڵی گرێدانی شەقامە سەرەكییەكە بە رێی خزمەتگوزاری و قیرتاو و شوستە و هێڵ و پەرژین و رووناكی.

پەلەكردن لە كردنەوەی شەقامی 120 مەتری بۆ ئەوەبوو ئەو قەرەباڵغی و جەنجاڵییە نەمێنێت كە لە شەقامی 100 مەتری و زۆر لە شەقامەكانی سەنتەری پایتەخت هاتبووە كایەوە. لێك گرێدانی بازنەكە بووە هۆی ئەوەی لە بەشی باشوور و رۆژئاوای هەولێر قەرەباڵغی لە شەقامەكان نەمێنێت.
بەشێكی بەرچاو لە خزمەتگوزارییەكانی مابوو تەواو بكرێن.

ئەمیر عەبدولخالق ئەحمەد بەڕێوەبەری پڕۆژەكانی رێ لە كۆمپانیای هێمن گرووپ بۆ "وشە" باسی لەوە كرد، لە كۆتایی ساڵی رابردوو لەبەر كارئاسانی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل، پڕۆژەی 120 مەتری بە تەواوی كرایەوە، ئەگەرنا بەشێكی بەرچاو لە خزمەتگوزارییەكانی مابوو تەواو بكرێن.

ئەو روونی كردەوە لە مانگی شوباتەوە دەستیان بە جێبەجێكردنی ئەم بەشە كردەوە، بەڵام ئەو دۆخەی بەهۆی كۆرۆنا هاتە كایەوە، كارەكانیان بۆ ماوەیەك وەستا و لە 12ی نیسانەوە بە گوڕێكی زیاتر دەستیان پێ كردووەتەوە و بۆ كۆتایی ساڵ سەرجەم بڕگە و شەقامە خزمەتگوزارییەكان دەكرێنەوە.

هاوکات ئەندازیار عەبدولواحید ئەحمەد سەرۆکی شارەوانی هەولێر بۆ "وشە" باسی لەوە کرد کە ئەو بەشەی شەقامی 120 مەتری کە شەقامە خزمەتگوزارییەکانی تەواو نەکرابوو لەچەندان شوێن قەرەباڵغی دروست کردبوو بەتایبەتی لە نێوان گەڕەکەکانی شارەوانی  و فەرمانبەران و بەردەم مارکێتی شیلانە و چارەسەریی ئەو کێشەیەش تەنیا بە تەواوکردنی شەقامە خزمەتگوزارییەکان دەکرێت.
پێمان باش بوو شان بەشانی بەشی یەکەمی 150 مەتری بەشە تەواونەکراوەکەی 120 مەتریش تەواو بکرێ

ئەو گوتی هەرچەندە هێمن گرووپ لە پڕۆژەی 150  مەتری خەریکی کارکردنە بەڵام پێیان باش بوو شان بەشانی ئەو پڕۆژەیە بەشە تەواونەکراوەکەی 120 مەتریش تەواو بکرێ بۆ ئەوەی لەگەڵ کردنەوەی قوتابخانەکان و ئاساییبوونەوەی دەوام کێشەی هاتوچۆ نەیەتە کایەوە.

مێژووی پڕۆژەكە

لە ساڵی 2010 لە لایەن كۆمپانیایەكی توركی دەست بە جێبەجێكردنی پڕۆژەی شەقامی بازنەیی 120 مەتری كرا. ئەو بەشەی كە ئێستە كۆمپانیای هێمن گرووپ خەریكی جێبەجێكردنی خزمەتگوزارییەكانیەتی، بە كۆمپانیای ئیكینجلەری توركیا هاتبووە سپاردن. كۆمپانیاكە توانی پردە سەرەكییەكان و بەگشتی 55%ی پڕۆژەكە بنیات بنێت، بەڵام دواتر بەهۆی دابین نەكردنی بودجە لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پڕۆژەكەی جێهێشت.

ئەو بەشەی پڕۆژەكە هەر لەسەر ناوی كۆمپانیا توركییەكە بوو، تا لە ئایاری ساڵی 2019 وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار پڕۆژەكەی وەرگرتەوە و رادەستی هێمن گرووپی كرد كە بەشەكانی تری 120 مەتری تەواو كردبوو.

پرسی گوژمە

ئەو كۆمپانیا خۆماڵییەی پڕۆژەكەی پێ هاتبووە سپاردن بۆ تەواوكردنی پڕۆژەكە، پشت بە بودجەی خۆی دەبەستێت و وەك ئەمیر عەبدولخالق خستیەڕوو، یەك فلسیشیان لە حكوومەت وەرنەگرتووە. ئەو روونی كردەوە تەنیا لە ساڵی 2016 هەندێك بودجەیان بۆ دابین كرا، ئەگەرنا بەشی زۆری بودجەی پڕۆژەی 120 مەتری بە قەرز جێبەجی كراوە و تەنانەت بەشی یەكەمی پڕۆژەی شەقامی بازنەیی 150 مەتریش هەر لەسەر گیرفانی خۆیان جێبەجێی دەكەن.
بودجەی تەرخانكراو بۆ ئەم پڕۆژە ستراتیجییە بریتی بووە لە 402 ملیۆن دۆلار.

بەشی یەكەمی شەقامی بازنەیی 120 مەتری بە گوژمەی 169 ملیۆن دۆلار بەشی دووەم بە گوژمەی 145 ملیۆن دۆلار جێبەجێ كراوە و بەشی سێیەمیش كە ئەمساڵ خزمەتگوزارییەكانی تەواو دەكرێ،  بە گوژمەی 88 ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەكرێت. بەوپێیە كۆی بودجەی تەرخانكراو بۆ ئەم پڕۆژە ستراتیجییە بریتی بووە لە 402 ملیۆن دۆلار. 

بەشی یەكەمی پڕۆژەی 150 مەتریش كە لە كۆتایی ئەمساڵدا تەواو دەكرێ  و درێژیی هەرسایدێكی 10 كیلۆمەترە و و بەسەرجەم رێ خزمەتگوزارییەكانەوە دەگاتە 50 كیلۆمەتر، رێی بەحركە بە رێی شەقڵاوە گرێ دەدات  و بەگوژمەی 131 ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەكرێ. بودجەی ئەم پڕۆژەیەش لەسەر گیرفانی كۆمپانیای جێبەجێكارە و لە داهاتوودا كە باری دارایی حكوومەت باش بوو، پارەكەی بۆ دەگەڕێنرێتەوە.

كۆی پڕۆژەی 120 و 150 مەتری

درێژیی پڕۆژەی 120 مەتری 38 كیلۆمەترە. ئەو بەشەی رێی مووسڵ بە رێی شەقڵاوە گرێ دەدات، 16 كیلۆمەترە كە لە ساڵی 2016 كۆتایی هات، ئەو بەشەیش رێی شەقڵاوە بە رێی كۆیە و پاشان كەركووك گرێ دەدات بە درێژیی 11 كیلۆمەترە كە لە ئایاری ساڵی 2019 تەواو كرا. 
شەقامە سەرەكییەكەی ئەو بەشە كۆتایی ساڵی رابردوو كرایەوە

بەشە كۆتاكەش بە درێژیی 11 كیلۆمەتر رێی كەركووك بە رێی مووسڵ گرێ دەدات. شەقامە سەرەكییەكەی ئەو بەشە كۆتایی ساڵی رابردوو كرایەوە و بەشە خزمەتگوزارییەكانیشی ئێستە لە جێبەجێكردندایە.

شەقامی 150 مەتری ھەولێر كە پڕۆژەیەكی تری ستراتیجی گرینگە و لە نیسانی 2019ەوە دەست بە جێبەجێكردنی كراوە، درێژییەكەی 70 كیلۆمەترە و زۆربەی ناوچەكانی دەوروبەری ھەولێر بە سەنتەری شارەوە دەبەستێتەوە.

سەوزایی

رەنگە پرسیاری ئەوە بكرێ بۆچی بەشێك لە شەقامی بازنەیی 120 مەتری بە دارو سەوزایی جوان كراوە، بەڵام بەشەكانی تر هیچ خزمەتگوزارییەكی سەوزایی پێشكەش نەكراوە.

لێپرسراوەكەی كۆمپانیای هێمن گرووپ دەڵێ، لەو گرێبەستەی لەگەڵ حكوومەتدا واژوویان كردووە، تەنیا بەشی دووەمی پڕۆژەی 120 مەتری واتە رێی شەقڵاوە تا رێی كەركووك تەندەرەكە سەوزایی لەخۆ دەگرت، بۆیەش جێبەجێیان كردووە، بەڵام ئەركی سەوزكردنی بەشەكانی تری پڕۆژەكە لە ئەستۆی كۆمپانیا نییە.
گرنگترین پڕۆژەی ئاوەدانكردنەوەی هەرێمی كوردستانە كە لەسەر دەستی كۆمپانیای خۆماڵیی جێبەجی كراوە.

بەڵام سەرۆکی شارەوانی هەولێر پێداگرە لە پەرەپێدانی سەوزایی لە هەولێری پایتەخت و دەڵێت بە گوێرەی توانای دارایی پەرەی پێ دەدەن و بەڕێوەبەرایەتی ئەندازەی پارکەکان لەو رووەوە هەنگاوی رژدی ناوە و لە داهاتوودا سەرجەم بەشەکانی شەقامەکە سەوز دەکەن.

كۆمپانیای هێمن گرووپ یەكێك بوو لە گرنگترین ئەو كۆمپانیایانەی لە سەردەمی تەنگژەی دارایی بە بودجەی خۆی قۆڵی لە جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژە ستراتیجییە هەڵماڵی. 120 مەتری گرنگترین پڕۆژەی ئاوەدانكردنەوەی هەرێمی كوردستانە كە لەسەر دەستی كۆمپانیای خۆماڵیی جێبەجی كراوە.






وشە - سلێمان تاشان