خۆپێشاندەران: كازمی بەڵێنی هەڵبژاردنی داوە و ئێمەیش چاوەڕوانین

:: PM:09:02:21/05/2020 ‌

تەنیا دوو هەفتە لە تەمەنی حكوومەتی مستەفا كازمی تێپەر بووە، ئەو تەنیا سووربوونی لەسەر بەڵێنەكانی داویەتی دووپات دەكاتەوە، تەنانەت حەوت وەزارەتی حكوومەتەكەی كە بڕیار بوو بەر لە جەژن پڕیان بكاتەوە، نەیتوانی ئەوە بكات، خۆپێشاندەران دووپاتی دەكەنەوە كە پاڵپشتی لە كازمی ناكەن، بەڵام چاودێری هەنگاوەكان و چاوەڕوانی بەڵێنەكانی دەكەن.
حزبەكان گرووپی گەندەڵن و چاوەڕوانی باشەیان لێ ناكرێت
حكوومەتی مستەفا كازمی لە 7ی ئەم مانگە لەلایەن پەرلەمانی عێراق متمانەی پێ درا، پێشتریش چەندان بەڵێنی بە هێزە سیاسییە جیاوازەكان دا، جیا لە بەڵێنی بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە كە داواكاری سەرەكی خۆپێشاندەرانە، ئەوانەی رۆڵی سەرەكیان هەبوو لە گۆڕانكاری حكوومەت لە عێراق و هاتنە فەرمانڕەوایی مستەفا كازمی.

خەتاب تەمیمی، هەڵسوڕاوێكی خۆپێشاندانەكانی بەغدا كە هەر لە سەرەتای خۆپێشاندانەكانەوە بە بەردەوام ئامادەی هەموو قۆناغەكانی ناڕەزایی بووە، ئەو بە "وشەی" گوت، ئێمە پاڵپشتی لە كازمی ناكەین و رەتیشی ناكەینەوە، چاوەڕوانی ئەوەمان دەكرد كە چەند هەنگاوێكی توند بەرانبەر میلیشیاكان باوێت، كە دەستیان بە خوێنی عێراقییەكان سوورە، بەڵام بۆ ئێمە كتوپڕ بوو كە بەر لە چەند رۆژێك سەردانی دەستەی حەشدی شەعبی كرد.

زیاتر گوتی، ئێمە دژی حەشدی شەعبی نین، بەڵام دژی سەرانی ئەو هێزانەین، دژی ئەو گرووپانەین كە بە فەرمانی ئێران هەڵسوكەوت دەكەن، ئەوانەی لەژێر ئەو دەستە خۆیان حەشار داوە، كۆمەڵێك دز و درۆزنن، ئەوەیش لەلایەن چوار لیواكەی سەر بە مەرجەعیەت روونكرایەوە كە خۆیان لەو دەستەیە دابڕی و چوونەوە سەر وەزارەتی بەرگری.

تەمیمی روونی كردەوە، ئەوە پێشانی دەدات كە ناكۆكییەكی گەورە لە نێوان هێزەكانی حەشدی شەعبی هەیە و ململانێی گەورە جیایان دەكاتەوە، ئەوەی هادی عامری ناچار كرد سەردانی مەرجەعیەت بكات، بەڵام دیداری رەت كرایەوە.

"مستەفا كازمی رووبەڕووی چەندان كێشەی گەورە دەبێتەوە كە بەرگەیان ناگرێت، بەر لە چەند رۆژێك لە تویتێك باسی ئەوەی كرد كە ئەگەر هێزە سیاسییەكان گوێی بۆ نەگرن، دەست لەكار دەكێشێتەوە، كەچی ئەمڕۆ دەبینین ئەوان بەهۆی پۆست و دەستكەوت ناكۆكی گەورەیان هەیە، زانیاریمان هەیە بەوەی هاوپەیمانی "سائیروون"، هەڕەشە لە سەرۆكی پەرلەمان دەكات بۆ لێخستنی، بەهۆی پێنەدانی وەزارەتی كشتوكاڵ و گرێبەست لە وەزارەتی نەوت و هیتریش، بۆیە ئەوانە گرووپێكی گەندەڵن و چاوەڕوانی باشەیان لێ ناكرێت"، تەمیمی وای گوت.

ئەو چالاكە دووپاتی كردەوە، ئەوان لە رێگەی میانگیرانەوە، بەڵێنیان بە خۆپێشاندەران داوە كە هەڵبژاردنێكی پێشوەختە ئەنجام دەدەن، ئەوەیش دوای ساڵێك یان كەمتر، دوای جەژنیش دەنگ لەسەر تەواوكردنی یاسای نوێی هەڵبژاردن دەدەن، ئەوەیش بۆ ئێمە گونجاوە.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل