هێزە سیاسییەكانی كەركووك: رادەستكردنی دیلەكانی داعش زیان بە ناوچەكە دەگەیەنێت

:: PM:09:20:21/05/2020 ‌

بەرپرسی مەڵبەندەكانی دوو حزبی كوردی لە كەركووك رای دەگەیەنن، رادەستكردن و ئازادكردنی دیلەكانی داعش، مەترسی گەورە لەسەر كەركووك و كورد دروست دەكات، دووپاتی دەكەنەوە، پێویست بوو حكوومەت لەو بارەوە مامەڵە بكات، نەك حزب كاری لەسەر بكات.
دەبوایە لە سلێمانی دانیشتن بكرایە نەك بچن بۆ لایان لە كەركووك
ئەمرۆ پێنجشەم 21ی ئایار، حەسەن شێخانی، بەرپرسی مەڵبەندی كەركووكی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو كارەی كە كراوە، هیچ باش نییە و مەترسی گەورە لەسەر  دۆخی كەركووك و كورد دروست دەكات، ئەمە پرسێكی تەناهی و سەربازییە و دەبێت حكوومەت مامەڵە بكات، نەك حزب و لایەنێك.

زیاتر گوتی، ئازادكردنی ئەو دیلانە، دۆخێكی خراپ دینێتە كایەوە، ئەمەی كە كراوە لە داهاتوودا زیان بە ناوچەكە دەگەیەنێت، ئەمەی كراوە نە یاسایی و نە ئاساییە، بۆیە پێویست بوو لیژنەیەكی یاسایی دروست بكرێت بۆ دادگاییكردنیان بە شێوەیەكی دادپەروەرانە و سزاكەیان دیاری بكردایە.

لای خۆیەوە رەسوڵ رەئووف، بەرپرسی مەڵبەندی سۆسیالست دیموكراتی كوردستان لە كەركووك بە "وشە"ی راگەیاند، ئەوەی كە كراوە، دەستی حزب بووە، رادەستكردنی نزیكەی 500 تاوانبار، لەلایەن پارێزگارەوە بەڵێنیان پێ دراوە لە رۆژانی جەژن بێ دادگاییكردن بگەڕێنەوە ناو كەسوكاریان.

زیاتر گوتی، حاڵەتی قوڕس ئەوەیە، ئەمانە ئەگەر داعشن و پێشتر گیراون و سزا دراون، چۆن بەبێ حوكمدان ئازاد دەكرێن، ئەگەر داعشیش نین، كەواتە قسەی عەرەبەكان راست دەرچوو لەوەی كە چەند ساڵە بە هەڕەمەكی خەڵك گیراوە، لە هەردوو حاڵەتەكە خەتەر بووە.

رەئووف روونی كردەوە، ئەمە حزب كردویەتی، بۆیە نایاساییە، ئەگەر پارێزگار یان لایەنی پێوەندیداری حكوومەت بیكردایە، دەچووە بواری یاساییەوە، لە راستیدا ئەمە زۆر حاڵەتی ترسناك و مەترسیدار لە ناوچەكە دروست دەكات، دەبوو هەر وەك شكۆیەك بۆ كورد هیچ نەبوایە، ئەوان بهاتنایە بۆ سلێمانی لەوێ دانیشتن بكرایە، نەك كارەكەشیان كردووە و خۆشیان چون بۆلایان بۆ كەركووك.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل