شارەزایەكی دارایی: وەبەرهێنان فریادڕەسی ئابووری عێراقە لەو قۆناغەدا

:: PM:10:56:21/05/2020 ‌

عێراق لەبەر چەندان هۆكار تووشی تەنگژەیەكی سەختی دارایی و ئابووری بووەتەوە، بە شێوەیەك مەترسی لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەیە و بە قەرزی ناوخۆیی دەتوانێت مووچە دابین بكات، ئەوەیش بەهۆی دابەینی نرخی نەوتە كە ئابووری عێراق بە تەواوەتی پشتی پێوە دەبەستێت، شارەزایەكی دارایی دووپاتی دەكاتەوە كە عێراق سەرچاوەی دارایی باشی هەیە، بۆیە بیركردنەوەی وەبەرهێنانكردن، فریادڕەسی عێراقە لەو قۆناغەدا. 
داهاتی سەر زەوی و ژێر زەوی عێراق دەگاتە نزیكەی 300 ترلیۆن دۆلار
د سەفوان قوسەی، مامۆستای زانكۆ و شارەزای دارایی بە "وشە"ی گوت، عێراق خاوەن سەرچاوەی دارایی زەبەلاحە، بەڵام تا ئەو ساتەیش بە بیركردنەوەیەكی وەبەرهێنانكردن بەڕێوە نەبراوە، واتە مامەڵەكردن لەسەر ئەو بنەمایە لەگەڵ كۆمپانیا جیاجیاكان و سوودوەرگرتن لە پێوەندییەكانی ناوچەكە و نێودەوڵەتی، بۆیە ئەوانە ئەگەر حكوومەت ئەنجامی بدات، دەبێتە هۆكارێك بۆ سەقامگیری سیاسی و تەناهی و ئابووری.

زیاتر گوتی، تۆ ئەگەر سامانەكانی عێراق حسێب بكەیت، لەسەر زەوی و لەناوەوەی، بەپێی خەمڵاندنەكان قەبارەكەی دەگاتە نزیكەی 300 ترلیۆن دۆلار، كەچی سوودلێبینین لەو سنووردارە و بیر لە قەرزكردن دەكەینەوە، لەوكاتەی دەتوانین ئابووریەك بۆ عێراق بنیات بنێین كێبەركێی ئابووری وڵاتانی پێشكەوتوو بكات.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل