راوێژكارێكی حكوومەتی عێراق: لە دابینكردنی مووچەی مانگی حوزەیران كێشەمان دەبێت

:: PM:11:35:21/05/2020 ‌

سەرەڕای ئەوەی عێراق یەكێكە لە وڵاتانی دەوڵەمەند بە نەوت، بەڵام بەهۆی چەندان كێشەوە رووبەڕووی دۆخێكی سەختی دارایی و ئابووری بووەتەوە، مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاشكرای كرد كە حكوومەت بۆ مووچەی ئەم مانگە لە سێ بانكی حكوومەتی قەرزی كردووە، بۆ مانگی حوزەیرانیش كێشەمان دەبێت.  
بۆ مووچەی مانگی ئایار قەرز لە سێ بانك كراوە
ساڵح ئەمڕۆ پێنجشەم بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی راگەیاندووە، داهاتی مانگی ئایار كەمتر لە دوو ترلیۆن دینار بووە، لەوكاتەی ئەوەی بە كردەنی پێویستە زیاتر لە پێنج ترلیۆن دینارە بۆ دابینكردنی مووچە بە تەنیا، جیا لە خەرجییەكانی تری دەوڵەت، هاوكات داهاتی جیا لە نەوت زۆر كەمە و دەگاتە نزیكەی 100 ملیار دیناری مانگانە.

ئەو راوێژكارە روونی كردەوە، حكوومەت بۆ دابینكردنی مووچەی مانگی ئایار، قەرزی لە سێ بانكی حكوومەتی كردووە، بۆیە میكانیزمێك هەیە تەنیا بۆ دابینكردنی مووچە، لەوكاتەی بۆ دابینكردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی داهاتوو تووشی كێشە دەبینەوە، بەتایبەتی كاتێك داهاتی نەوتی مانگی ئایار، زۆر كەمە، بەڵام ئەو تیمەی تایبەتە بە دارایی، كار بۆ دابینكردنی مووچەی حوزەیرانیش دەكات. 

ئەو راوێژكارە نەیشارەدەوە كە چاكسازییەكی دارایی هەیە لە رێگەی چاوخشاندنەوە بە مووچە بەرزەكان و پاراستنی مووچە نزمەكان و ئەگەری زیادكردنیان، بۆیە دابەشكردنی مووچەی مانگی شەش بە پێی چاكسازی دارایی و داهاتەكان دەدرێت.
 





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل

ئه‌م بابه‌ته 194 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌