كاروان حه‌مید حه‌لاق گۆرانیی "لۆ لۆ" وه‌ك جه‌ژنانه‌ بڵاو ده‌كاته‌وه‌

:: PM:02:26:22/05/2020 ‌
كاروان حه‌مه‌ید حه‌لاق كه‌ گۆرانیبێژێكی شاری كه‌ركووكه‌، له‌ كۆنسێرتێكدا له‌ هۆڵه‌ندا له‌گه‌ڵ ئۆركێسترای په‌رتووت، گۆرانیی " لۆ لۆ"ی له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ پێشكه‌ش كرد. به‌ڵام بۆ ئه‌م جه‌ژنه‌ دووباره‌ تۆماری ده‌كاته‌وه‌ و ده‌یكاته‌ دیاریی هه‌وادارانی. 

كاروان حه‌لاق بۆ "وشه‌" رای گه‌یاند، ئێسته‌ كه‌ پێ ده‌چێ دۆخی خه‌ڵك و وڵاتان له‌باره‌ی كۆرۆنا به‌ره‌و ئاساییبوونه‌وه‌ بچێت به‌تایبه‌تی له‌ كوردستان، بۆیه‌ بڕیارم دا دووباره‌ گۆرانیی "لۆ لۆ" تۆمار بكه‌مه‌وه‌ و بۆ ئه‌م جه‌ژنه‌ی ره‌مه‌زان بیكه‌مه‌ دیاری بۆ هه‌وادارانم.

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌م گۆرانییه‌ی له‌ هۆڵه‌ندا پێشكه‌ش كردووه‌، كاروان گوتی ئه‌و كۆنسێرته‌ به‌ سه‌رپه‌رشتیی ئۆركێسترای په‌رتووت له‌ شاری ئه‌مستردام بۆ په‌نابه‌ران پێشكه‌ش كرا، له‌ هۆڵێك به‌ناوی "پاره‌دیشۆ" پێشكه‌ش كرا كه‌ له‌و هۆڵه‌دا هونه‌رمه‌نده‌ گه‌وره‌كانی دنیا چالاكیی تێدا نمایش ده‌كه‌ن، نموونه‌یان كازم ساهیر و مایكڵ جاكسن و زۆری تر.

كاروان حه‌مید حه‌لاق كه‌ له‌ كه‌ركووك له‌ دایك بووه‌، له‌ 2003وه‌ چووه‌ته‌ ناو دنیای گۆرانی و موزیك و له‌گه‌ڵ تیپی "بالامبۆ" كاری هونه‌ریی ده‌كرد، ئه‌و جیاله‌وه‌ی گۆرانیبێژه‌، هاوكات ژه‌نینی شمشاڵ له‌ باوك و باپیرانیه‌وه‌ وه‌ك میرات بۆ ماوه‌ته‌وه‌، له‌ ساڵی 2008ه‌وه‌ كوردستانی به‌جێهێشتووه‌ و چووه‌ته‌ هه‌نده‌ران و له‌ هۆڵه‌ندا نیشته‌جێیه‌.

له‌ هۆڵه‌ندا له‌گه‌ڵ ستۆدیۆی "یاد میدیا" ژماره‌یه‌ك گۆرانیی تۆمار كردووه‌ كه‌ خاوه‌نه‌كه‌ی ناوی بافڵ سه‌رهه‌نگه‌، نموونه‌ی گۆرانییه‌كانی وه‌ك "هه‌ژان"، "شیوه‌ن"، "زوڵفی له‌یلێ"، "كه‌ ده‌ڵێن ئه‌مڕۆ ده‌شت و كێو شینه‌"، هه‌روه‌ها پارچه‌ موزیكێك به‌ ناوی "كاتێك هه‌ناسه‌ جیاكان ئاوێته‌ ده‌بن". موزیكه‌كه‌ هه‌ورامییه‌ و به‌ ئامێره‌ ئه‌فریقییه‌كان تۆمار كراوه‌. له‌گه‌ڵیدا پارچه‌ موزیكێك به‌ناوی "گێژاو" كه‌ په‌یامێكه‌ بۆ مرۆڤ له‌ قۆناغی كۆرۆنادا.

له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا له‌ 202دا سروودێكی به‌ناوی "كوردستانه‌كه‌م" له‌گه‌ڵ ئۆركێسترای "كوڕی جیهانی" تۆمار كردووه‌، ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ هونه‌رمه‌ندان وه‌ك كۆرس به‌شدارییان تێدا كردووه‌ كه‌ ئه‌و سرووده‌ له‌ ئاوازی هونه‌رمه‌ند عه‌دنان شه‌ویاره‌.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د

ئه‌م بابه‌ته 238 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌