"ئەوانەی باسی گەندەڵی دەكەن و رەخنە لە حكوومەت دەگرن با لەخۆیانەوە دەست پێ بكەن"

:: PM:09:45:23/05/2020 ‌

پەرلەمانتار و چاودێرانی سیاسی لە هەرێمی كوردستان پێیان وایە، ئەوانەی وا خۆیان دەردەخەن كە سەركردایەتی بەرەی ناڕازی خەڵك دەكەن و درووشم دژی گەندەڵی دەڵێنەوە، دەبێت سەرەتا لەخۆیانەوە دەست پێ بكەن.
دەتوانن دەست لە خانەنشنییەكەیان هەڵگرن
خەدیجە عومەر، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان، ئەمڕۆ شەموو 23ی ئایار، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هەندێ كەس لێرە و لەوێ باسی گەندەڵی دەكەن و رەخنە لە حكوومەت و سیستمی سیاسی دەگرن، بەتایبەت پەرلەمانتارانی خانەنشینی خولەكانی پێشوو و خۆشیان بە نوێنەری خەڵكانی ناڕازی دەزانن.

زیاتر گوتی، بۆ ئەوەی بیسەلمێنن كە خۆشیان دەستبەرداری ئیمتیازاتەكانیان دەبن، لە یاسای چاكسازی و مادەی حەوتدا باس لە ڕەتكردنەوە یان دەستبەرداربوونی ئەو خانەنشینیەیان كراوە و ئێستە دەتوانن نووسراوێك لە دیوانی سەرۆكایەتی پڕ بكەنەوە بۆ ئەوەی دەست لە خانەنشنیەكەیان هەڵگرن.

ئەو پەرلەمانتارە ئاشكرای كرد، هەر پەرلەمانتارێك خۆی لە خانەنشینییەكەی پاك بكاتەوە و دەستبەرداری ببێت، دەتوانێت لەناو خەڵكیشدا خۆی بە فریادڕەس دەربخات، ئەگر وانەبوو پێویست ناكات خۆڵ بكاتە چاوی خەڵكەوە.

لای خۆیەوە حەسەن بارام، چاودێری سیاسی بە "وشە"ی راگەیاند، پرسی چاكسازی پێویستی بە یاسا و كۆدەنگی لایەنە سیاسییەكان هەیە، ناكرێت هیچ هێزێك خۆی بێبەری بكات و خەتای ئەو گەندەڵییانە بخاتە سەر لایەنێكی تر.

زیاتر گوتی، گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان مێژووییەكی هەیە، بۆ ئەوەیش دەبێت ئیرادەی چاكسازی هەبێت و هەموو لایەنەكان پێكەوە دەست بۆ جێبەجێكردنی ببەن.

نەزاكەت حوسێن، مامۆستای زانكۆی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، خۆپێشاندان و ناڕەزایی، مافێكی سەرەتایی هەموو خەڵكێكە، بەڵام دەبێت ناڕەزاییەكان خۆڕسكانەبن و مووچەخۆران و فەرمانبەران خۆیان پێی هەستن، نەك كەسانی بەرژەوەندخواز بۆ مەرامی خۆیان بیقۆزنەوە.

زیاتر گوتی، دەبێت بزانین كاتێك قسە لەسەر سیستمێكی سیاسی یان بابەتێكی گەندەڵی دەكەن، كاتێك گەندەڵییەكە یەخەی خۆیان دەگرێتەوە، چۆن گوزارشتی لێ دەكەن و خۆیانی لێ دەرباز دەكەن، خۆپێشاندانەكان پێویستە دوور بن لە دەستوەردانی لایەنە سیاسییەكان و بردنیان بەلای تردا، چونكە ئەگەر وای لێهات هەرێمەكەمان دەكەوێتە مەترسییەوە.

ئەمەیش دوای ئەوە هات كە بەشێك لەو پەرلەمانتارانەی سواری كۆڵی ناڕەزایی خەڵك بوون، ئامادە نین دەستبەرداری مووچەی خانەنشینییەكەیان ببن.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل