وەزارەتی تەندروستی ڕوونکردنەوەی لەسەر درێژکردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆ دا

:: PM:02:59:26/05/2020 ‌
دوای بڵاوبوونەوەی ئەگەری درێژکردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆ، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە.

ئەمڕۆ سێشەم 26ی ئایار، لە چەند دەزگایەكی میدیایی لێدوانێك لەسەر ناوی دکتۆر سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی بڵاو کرایەوە، گوایە ئەو ڕای گەیاندووە قەدەغەی هاتوچۆ درێژ دەکرێتەوە، بەڵام ئەو ڕاگەیەنراوە هیچ پێوەندیی بە وەزیری تەندروستییەوە نەبووە و وەزارەت ڕوونکردنەوەی دا.

هیچ بڕیار و پێشنیارێكی لەوشێوەیە لە ئارادا نییە و هیچ لێدوانێکی لەم جۆرە نەدراوە

دوای بڵاوبوونەوەت ئەو هەواڵە، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە، تێیدا ڕوونی دەکاتەوە، لێرەوە هاووڵاتییان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن دڵنیا دەكەینەوە كەوا هیچ بڕیار و پێشنیارێكی لەوشێوەیە لە ئارادا نییە و هیچ لێدوانێکی لەم جۆرە نەدراوە، بەڵکو لەكاتی پێویست و هەر ڕەوشێکی نوێ بە هەماهەنگی لێژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا بە فەرمی ڕێنمایی پێویست و ڕێکارەکانی خۆپارێزی ڕادەگەینرێت.

لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەشدا دەڵێ، جارێكی تر داوا لە هاووڵاتییانی خۆشەویست دەكەینەوە كە باپەندی ڕێنماییەكانی تەندروستی بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی ڤایرۆسیی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 بن.


وشە - ڕێناس شابان