به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی كه‌ركووك باس له فراوانبوون و به‌هێزبوونه‌وه‌ی داعش ده‌كات و ده‌ڵێ، داعش وه‌ك پێش ساڵی 2014 ده‌یه‌وێت ناوچه‌یه‌كی فراوان بخاته ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆی، ئێسته له چه‌ند شوێنێك ویلایه‌تی دامه‌زراندووه‌ته‌وه.
ئەمڕۆ سێشەم 26ی ئایار، عه‌مید ئیدریس ڕه‌فعه‌ت به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی كه‌ركووك، به "وشه"ی ڕاگه‌یاند: دۆخی تەناهیی كه‌ركووك به دۆخێكی ناهه‌موواردا تێده‌په‌ڕێت، ژماره‌ی ئاماره‌كان له‌به‌رده‌ستی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی كه‌ركووكە، دۆخەکە ئه‌وه‌نده مه‌ترسیداره جمووجوڵی داعش چه‌ند به‌رانبه‌ر پێشتر زیادی كردووه، ئێسته وه‌ك مه‌فره‌زه‌ی پارتیزانی چالاكی تیرۆرستی ناكه‌ن، بەڵکو له چه‌ندان شوێن مۆڵگه و حه‌شارگه‌یان داناوه‌ته‌وه.
داعش ئێسته له چه‌ند شوێنێك ویلایه‌تی دامه‌زراندووه‌ته‌وه
ئیدریس ڕه‌فعه‌ت گوتیشی، له چه‌ندان شوێن داعش ویلایه‌تی دامه‌زراندووه‌ته‌وه و بنكه‌ی ڕێكخستنیان فراوان كردووه‌ته‌وه، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی مه‌ترسییه‌كانیان جگه له سنووری كه‌ركووك وه‌ك حه‌ویجه، ڕه‌شاد، عه‌باسی، داقوق و كۆمه‌ڵێك جێگای تر، مه‌ترسییه‌كانیان گوازراوه‌ته‌وه بۆ ناوه‌ندی شاری كه‌ركووك. له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو ڕاسته‌وخۆ هێرشی داعش بۆ سه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هه‌واڵگری كه‌ركووك و دانانی بۆمبی چێندراو له‌ناو كه‌ركووك بۆ هێزه‌كانی عێراق دوواین كرده‌وه‌ی تیرۆرستییان سه‌ربڕینی پۆلیسێكی كورد بوو له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وەش دا، به‌رده‌وام ئاماره‌كان له هه‌ڵكشاندان له ته‌قاندنه‌وه‌ی بۆمبی چێندراو به هێزه‌كانی سوپا و حه‌شدی شه‌عبی و كوشتنی هێزه تەناهییەکان.
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا داعش ئه‌و هێزه‌ی هه‌یه كه‌ركووك داگیر بكات، به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی كه‌ركوك ده‌ڵێ: داعش ئه‌گه‌ر ئێستە بشتوانن كه‌ركووك داگیر بكه‌ن ئه‌وه مه‌به‌ستیان نییه هێرش بكه‌نه سه‌ر شارەکە، چونكه ناتوانن له ناوچه‌یه‌ك هه‌بن و له ناوچه‌یه‌كی تر نه‌بن، داعش به‌رده‌وام خۆی به‌هێز ده‌كات و له پارێزگاكانی تكریت و موسڵ و دیاله چه‌ندان جێگای تر سه‌ری هه‌ڵداوه‌ته‌وه، تا ئه‌وكاته‌ی نه‌توانن له هه‌موو ئەو ناوچانه‌ی بوونیان هه‌یه كۆنتڕۆڵی بكه‌ن به‌ته‌نها هێرش ناكه‌ن بۆ گرتنی یه‌ك ناوچه و پاش چه‌ند ڕۆژ بكشێنه‌وه، داعش له تموحیه‌تی هاوشێوه‌ی ساڵی 2014 ناوچه‌یه‌كی فراوانی عێراق بخاته ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیه‌وه، بۆ ئه‌و جۆره كرده‌وه‌یه‌ش به‌رده‌وام خۆیان ئاماده ده‌كه‌ن.
هه‌ڵه‌بجه/ عه‌زیز ڕه‌سووڵ