ڕوونكردنەوەیەك لە بارەی قەرز و ئیلتیزاماتە داراییەكانی هەرێمی كوردستان

:: PM:04:38:26/05/2020 ‌
نووسینگەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەبارەی قەرزەكانی هەرێمی كوردستان ڕوونكردنەوەیەك بڵاو دەكاتەوە و ئاشكرای دەكات، ئەو گوژمەیەی ئاماژەی پێ دەكرێت، پاشەكەوتی مووچەیە و دەچێتە خانەی ئیلتیزاماتی دارایی هەرێمی كوردستان.

بەشێكی زۆری ئەو گوژمەیەی ئاماژەی پێ دەكرێت، پاشەكەوتی مووچەیە و دەچێتە خانەی ئیلتیزاماتی دارایی هەرێم 
ئەمڕۆ سێشەم 26ـی ئایار، لە ڕوونكردنەوەیەكی نووسینگەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاتووە، لە چەند مانگی ڕابردوودا و لە چەندین بۆنەی جیادا سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بە بابەتی قەرزەكانی هەرێم داوە و ڕوونی كردووەتەوە كە بەشێكی زۆری ئەو گوژمەیەی ئاماژەی پێ دەكرێت، پاشەكەوتی مووچەیە و  دەچێتە خانەی ئیلتیزاماتی دارایی هەرێم،  كە هۆكارەكەشی نەناردنی بەشە بودجەی هەرێم لە بەغداوە بووە . لە راستیشدا ئەو كوژمەیە دەبێتە ئیلتیزامی دارایی بەغداش بەرانبەر بە هەرێم.

باس لەوەشكراوە، دوای ئەوەی لە دوا وتاری سەرۆكی حكوومەت دیسان ئاماژە بەو بابەتە درا، ژمارەیەكی زۆر لە كەس و لایەنەكان كە تا ئێستە بێدەنگ بوونە، هاتنە ئاخاوتن و ڕوونكردنەوەیان داوە كە ئەو قەرزانە بەشێكی زۆری پاشەكەوت و ئیلتیزامی داراییە. سوپاسی هەموو ئەو كەس و لایەنانە دەكەین كە دواجار دانیان بەو ڕاستیانە دانا كە دەمێكە باسیان دەكرێت، مەبەستیان لەو نووسین و ڕوونكردنەوانە هەرچی بێت، سەلمێنەری ئەوە بووە كە ئەو قەرز و ئیلتیزاماتانە هەن و دەبێت واقعیانە مامەڵەیان لەگەل بكرێت.

ئەوەش ڕوونكراوەتەوە، وەك سەرۆكی حكوومەت بەڵێنیداوە كە لەگەڵ هاووڵاتیانماندا شەفاف بین، (بەرێوەبەرایەتی بەرێوەبردن و هەماهەنگی قەرزی گشتیی لە ئەنجوومەنی وەزیران) راسپاردووە ، تا لە زووترین كاتدا ڕاپۆرتێكی ورد لەسەر هەموو قەرز و ئیلتیزاماتی دارایی حكوومەتی هەرێم ئامادە بكەن، بۆ ئەوەی ئاڕاستەی پەرلەمان و ڕای گشتیی هەرێمیش بكرێت.



وشە - رامیار جەواد