سەرجەم تووشبووانی هەولێر تەندروستیان جێگیرە

:: PM:06:20:26/05/2020 ‌
گوتەبێژی تەندروستی هەولێر ڕای دەگەیەنێت، سەرجەم ئەو كەسانەی لە هەولێر لە ڕۆژانی جەژن تووشی كۆرۆنا بوونە تەندروستییان جێگیرە.

ئەمڕۆ سێشەم 26ـی ئایار، بژار مووسا گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەو كەسانەی لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوو تووشی كۆرۆنا بوون تەندروستییان جێگیرە.

پێویستیان بە ئۆكسجیی دەستكرد نەبووە كە تەندروستییان هێندە خراپ بێت
گوتەبێژی تەندروستی هەولێر گوتی، پێویستییان بە ئۆكسجین بووە، بەڵام پێویستیان بە ئۆكسجیی دەستكرد نەبووە كە تەندروستییان هێندە خراپ بێت.

ئەوەشی ئاشكرا كرد، ئێستە 39 نەخۆش لە نەخۆشخانەكانی چارەسەرەی كۆرۆنایە بە نەخۆشخانەی ئیماراتی ناسراوە، هەروەها ئەگەر پێویست بكات نەخۆشخانەی ڕزگاری و پێشمەرگە و پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر ئامادەیە، بەڵام هیوادارین نەگەینە ئەو ئاستە.


لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ئەمڕۆ دەنگۆی تێكچوونی تەندروستی ژمارەیەك لە تووشبووانی كۆرۆنا بڵاو كرایەوە، بەڵام بەرپرسانی تەندروستی هەولێر دڵنیایی دەدەن كە تەندروستی ئەو كەسانە جێگیرە.

نەخۆشخانەی ئیماڕاتی لە هەولێر كە تایبەتە بە چارەسەری تووشبووانی كۆرۆنا لە توانایدایە 47 نەخۆش تێدا چارەسەر بكرێت.

لە ماوەی ڕۆژانی جەژن و ڕۆژێك پێش جەژن ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبووەتەوە كە نزیك دەبێتەوە لە 100 تووشبوو.





وشە - رامیار جەواد