"پێویستە هەموو حزبەكان كار بۆ پێشخستنی هەولێر بكەن"

:: AM:11:39:27/05/2020 ‌
پارێزگاری هەولێر سەردانی بۆ لای حزبەكان دەست پێ‌ كردووە و لە یەكەمین سەردانی بۆ لای مەڵبەندی یەكێتی گوتی، پێویستە هەموومان یەكڕیزی لایەنە سیاسییەكان بپارێزین.

ئەمڕۆ چوارشەم 27ـی ئایار، فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، پێویستە سەرجەم لایەنە سیاسییەكان هاوكار بن و كێشەكان بەلاوە بنرێن بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتر بە هەولێر و دانیشتووانی بكرێت.

گفتوگۆ لەسەر داواكاری و پێشنیاری حزبەكان دەكەین بۆ ئیدارەدانی باشتر لە هەولێر
پارێزگاری هەولێر گوتی، ئێمە پێمان وایە پێویستە هەموومان بە یەك دەست خزمەت بە هاووڵاتییان بكەین، سەردانی سەرجەم لایەنە سیاسییەكان دەكەین و گفتوگۆ لەسەر داواكاری و پێشنیاری حزبەكان دەكەین بۆ ئیدارەدانی باشتر لە هەولێر.

ڕێبوار ئیسماعیل لێپسراوی مەڵبەندی سێی هەولێری یەكێتی لەو كۆنگرە ڕۆنامەوانییەدا گوتی، ئێمە بەشدار نەبووینە لە ئیدارەی حكومڕانی لە هەولێر، ئەوەیش بە كۆمەڵێك هۆكار لە ڕابردوو هەبوون.

لێپسراوی مەڵبەند گوتی، ئێستە لاپەڕەیەكی نوێ‌ هەڵدەدەینەوە و هیوادارین وەك لیستی دووەم لە هەولێر بتوانین حوكمڕانی باش پێشكەش بكرێ و هەرچییەك هەبێت لەگەڵ پارێزگار باسمان كردووە.

بڕیارە ئەمڕۆ و سبەی پارێزگاری هەولێر سەردانی سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەكان بكات.



وشە - رامیار جەواد