توركیا سنووری سلێمانيی بۆردمان كرد

:: PM:12:07:27/05/2020 ‌
شەوی ڕابردوو فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆردمانی سنووری پارێزگای سلێمانییان كرد و ئۆتۆمبێلێكی چەكدارانی پەكەكەی كردووەتە ئامانج.

ئەمڕۆ چوارشەم 27ـی ئایار، بەپێی ئەو زانیارییانەی دراون بە "وشە"، شەوی ڕابردوو فڕۆكەكانی توركیا بۆردمانی سنووری شارۆكەی ماوەتی سەر بە پارێزگای سلێمانییان كردووە.

بەرپرسێكی ئەو سنوورە كە نەیویست ناوی بهێنرێت بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەدیاریكراوی سەعات 11 و 40 خولەكی شەوی ڕابردوو بۆردمانەكە كرا.

ئۆتۆمبێلێكی چەكدارانی پەكەكەی كردە ئامانج، هێشتا زیانەكانیشی نەزانراوە 
ئەو بەرپرسە ڕوونی كردەوە، توركیا بۆردمانی  گوندی سەفرەی سەربە شارۆكەی ماوەتیان كردووە و ئۆتۆمبێلێكی چەكدارانی پەكەكەی كردە ئامانج، هێشتا زیانەكانیشی نەزانراوە، بەڵام باس لە كوژرانی پێنج چەكداری پەكەكە دەكرێت.

شارۆكەی ماوەت یەكێكە لە شارۆكەكانی پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی كوردستان، ناوەندەكەی شارۆكەی ماوەتە. لە ساڵی 2010دا ژمارەی دانیشتووانی ئەم شارۆكە نزیكەی نۆ هەزار كەس بووە. 

ماوەت لە روی جیۆگرافییەوە دەكەوێتە سنووری شارباژێڕی سەختەوە بەدووری 55 كیلۆمەتر لە باكوری رۆژهەڵاتی شاری سلێمانی، درێژ دەبێتەوە تا سەر سنووری ئێران و هاوسنوورە لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران، دەكەوێتە نێوان شارۆكەی شارباژێڕ و شارۆكەكانی دووكان و پشدەر.



وشە - رامیار جەواد