لە بەڕازیل رۆژانە هەزار كەس بە كۆرۆنا دەمرن

:: PM:12:35:27/05/2020 ‌

بەڕازیل یەكێكە لەو وڵاتانەیە كۆرۆنا تێیدا بە خێرایی بڵاو بووەتەوە و ئێستە لە دوای ئەمەریكا لە پلەی دووەم دێت كە زۆرترین هاووڵاتی تووشی كۆرۆنا بوون، بەهۆی نەگرتنەبەری هیچ رێوشوێنێك لە لایەن حكوومەتەوە ژمارەی قوربانیان بە خێرایی لە بەرزبوونەوەدایە.

بەگوێرەی worldometers  كۆی ژمارەی تووشبووان لە بەڕازیل گەیشتە 394 هەزار كەس كە لەو ژمارەیە نزیكەی 25 هەزار و600 كەس مردوون. بە بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانیان لە بەڕازیل، رووسیا بۆ پلەی سێیەم پاشەكشەی كرد كە سەرووی 370 هەزار كەس تووشی كۆرۆنا بوون و نزیكەی چوار هەزار كەسیش گیانیان لە دەست داوە.

هەمووی مانگێك لەمەوبەر كۆی ژمارەی ئەو كەسانەی بە كۆرۆنا لە بەڕازیل مردبوون 200 كەس بوو، كەچی ئێستە بووەتە دەیان هەزار كەس.

ئەمەریكا بە ملیۆنێك و 725 هەزار تووشبوو بە پلەی یەكەم دێت و سەرووی 100 هەزار كەسیش گیانیان لەدەست داوە. لە دوای ئەمەریكا، بەڕازیل و رووسیا، هەریەك لە ئیسپانیا، بەریتانیا، ئیتالیا، فڕەنسا، ئەڵمانیا، توركیا، هیندستان و ئێران لە پلەكانی چوار تا 11 دێن. 

تەنیا لە ماوەی 24 سەعاتی رابردوودا هەزار و 27 كەس لە بەڕازیل بە كۆرۆنا مردوون و پێشتر كە رۆژانە 600 تا 900 كەس دەمردن، ئێستە ژمارەی قوربانیان بۆ سەرووی هەزار هەڵكشاوە.

سەرۆكی بەڕازیل هیچ باوەڕێكی بەوە نییە بەرانبەر ئەم ڤایرۆسە رێوشوێنی جیاوازی وەك كەرەنتین بگیرێتەبەر
پێویستە بگوترێ سەرۆكی بەڕازیل كە كەسێكی پارێزگاریخوازە پێی وایە، كۆرۆنا ئەنفلەوەنزایەكی زۆر سادەیە و هیچ باوەڕێكی بەوە نییە بەرانبەر ئەم ڤایرۆسە رێوشوێنی جیاوازی وەك كەرەنتین بگیرێتەبەر و كەرتی ئابووری و پیشەسازی بە هۆیەوە پەكی بخرێت.

لە هەرێمی كوردستان هەرزوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەرانبەر كۆرۆنا رێوشوێنی توندی گرتەبەر و توانی پارێزگاری لە گیانی هاووڵاتییان بكات. بە گشتی لە كوردستان  507 كەس تووشی كۆرۆنا بوون، پێنج كەس بە كۆرۆنا مردوون و 99 كەس لە نەخۆشخانە لە ژێرچاودێریدان.

دۆخەكە لە كوردستان زۆر باش بووبوو، بەڵام لەمدواییە لەگەڵ لابردنی رێوشوێنەكان و كەمتەرخەمیی هاووڵاتییان لە خۆپارێزی، ژمارەكە بەرز بووەتەوە.




وشە - سلێمان تاشان