به‌گوێره‌ى توێژینه‌وه‌یه‌ك له جه‌نگى نۆ ساڵه‌ى سووریا، 530 ملیار دۆلار زیانى ئابوورى به‌ر ئه‌م وڵاته كه‌وتووه و زیاتر له 690 هه‌زار كه‌سیش كوژراون.
شه‌ڕى سووریا یه‌كێكه له‌و شه‌ڕانه‌ى كه به "كاره‌ساتى سه‌ده" ناو ده‌برێت و یه‌كێكه له‌و شه‌ڕانه‌ى كه زیانێكى زۆرى لێ كه‌وتووه‌ته‌وه و ئاگرى ئه‌و شه‌ڕه به‌ر كوردیش كه‌وتووه، چونكه رۆژئاواى كوردستان له‌لایه‌ن سووریاوه داگیر كراوه.
سه‌نته‌رى سووری بۆ توێژینه‌وه‌ى سیاسى، توێژینه‌وه‌یه‌كى ئاماده كردووه و زیانه مرۆیى و مادییه‌كانى ئه‌و شه‌ڕه‌ى خه‌مڵاندووه، هه‌ڵبه‌ته توێژینه‌وه‌كه كورد و عه‌ره‌ب پێكهاته‌كانى تر‌ى له‌ڕووى زیانه‌كان جیا نه‌كردووه‌ته‌وه، به‌ڵكو به‌شێوه‌یه‌كى گشتى قسه‌ى له‌سه‌ر سووریا كردووه.
نیو تریلیۆن دۆلار و كوژرانى 700 هه‌زار كه‌س زیانى جه‌نگى سووریایه
بڕیاره توێژینه‌وه‌كه ئه‌مڕۆ له به‌یرووت بڵاو بكرێته‌وه، به‌ڵام به‌ر له بڵاوكردنه‌وه‌ى توێژینه‌وه‌كه، ئه‌مڕۆ رۆژنامه‌ى
شه‌رق ئه‌وسه‌ت له راپۆرتێكدا پوخته‌ى ئه‌نجامه‌كانى توێژینه‌وه‌كه‌ى بڵاو كردووه‌ته‌وه.
له‌ڕووى زیانى مادییه‌وه توێژینه‌وه‌كه ده‌ڵێ، به به‌هاى 530 ملیار دۆلار زیان به‌ر ئابوورى سووریا كه‌وتووه، توێژینه‌وه‌كه ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه كردووه دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر به‌گوێره‌ى ئه‌نجامى توێژینه‌وه‌یه‌ك قه‌باره‌ى زیانه ئابوورییه‌كه 400 ملیار بوو، كه‌چى ته‌نیا له‌م دوو ساڵه‌دا زیانه‌كان به بڕى 130 ملیار زیادى كردووه.
زیانه‌كانیش به‌م شێوه‌یه دابه‌ش كراون، 420 ملیار زیانى به‌رهه‌مى ناوخۆیى بووه، خه‌رجى سه‌ربازى 37 ملیار و 800 ملیۆن بووه، یه‌ده‌گى سه‌رمایه 64 ملیار و 600 ملیۆن دۆلار بووه، زیانى نه‌وت و گازیش نۆ ملیار و 900 ملیۆن بووه.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێ 40%ى ژێرخانى ئابوورى سووریا له‌ناو چووه كه به بڕى 65 ملیار ده‌خه‌مڵێنرێت. رێژه‌ى هه‌ژاریش له سووریا گه‌یشتووه‌ته 86%.
له به‌شێكى تر‌ى راپۆرته‌كه باس له زیانه مرۆییه‌كان ده‌كات له‌وانه، كۆى دانیشتووانى سووریا 22 ملیۆن كه‌سه، له‌وانه 690 هه‌زار كه‌س له شه‌ڕه‌كان كوژراون، 570 هه‌زار كه‌س راسته‌وخۆ له ئه‌نجامى شه‌ڕه‌كان كوژراون. زیاتر له 13 ملیۆن كه‌س له‌سه‌ر زێدى خۆیان نه‌ماون و ئاواره بوون، هه‌ندێك ئاواره‌ى ده‌ره‌وه و هه‌ندێكى تریش ئاواره‌ى ناوخۆى سووریا‌ن.
راپۆرته‌كه ده‌ڵێ، نزیكه‌ى پێنج ملیۆن و 600 هه‌زار كه‌سى سووریا به‌ره‌و لبنان و توركیا و ئوردن و چه‌ند وڵاتێكى تر رۆیشتوون، زیاتر له شه‌ش ملیۆن كه‌سیش له‌ناوخۆى سووریاوه ئاواره‌ن.
زیاتر له دوو ملیۆن و 400 هه‌زار منداڵ له ده‌ره‌وه‌ى قوتابخانه‌كانن، ئه‌وانه‌ى له ناو قوتابخانهكانیشن شه‌ش پرۆگرامى خوێندن ده‌خوێنن، ئه‌مه‌یش به‌گوێره‌ى ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ى كه حكوومڕانى ناوچه جیاوازه‌كانى سووریا ده‌كه‌ن.
له به‌شێكى تردا باس له رێژه‌ى هه‌ژاریى ده‌كات و ده‌ڵێ، ئه‌مساڵ رێژه‌ى هه‌ژاریى له سووریا ده‌گاته 89%، ده‌كرێت چه‌ندان ره‌هه‌ندى تر‌ى خراپى بارى ئابوورى ئه‌م وڵاته ببینین كاتێك بزانین له كاتى هه‌ڵگیرسانى شه‌ڕه‌كه، دۆلارێكى ئه‌مه‌ریكى 46 لیره بوو، كه‌چى ئێسته هه‌زار و 700 لیره به‌رانبه‌ر دۆلارێكه.
رێژه‌ى مردن له ساڵى 2010 له ناو هه‌ر هه‌زار كه‌سێك 4% بوو، كه‌چى له ساڵى 2017 ئه‌و رێژه گه‌یشته 7% كه هۆكاره‌كه‌یش نه‌بوونى خۆراك و ده‌رمانه.
رێژه‌ى هه‌ژاریى له سووریا گه‌یشتووه‌ته 89% ى دانیشتووان
هه‌ڵبه‌ته كۆى ئه‌و زیانانه‌ى له راپۆرته‌كه‌دا باس كراوه، به‌ر كوردیش كه‌وتوون. به سه‌تان هه‌زار كه‌س ئاواره‌ى هه‌رێمى كوردستان بوون و تا ئێسته‌یش ماونه‌ته‌وه، جگه له هێرشى رێكخراوه تیرۆریستییه‌كانى نموونه‌ى داعش بۆ سه‌ر ناوچه‌كانى رۆژئاواى كوردستان، توركیایش له ساڵانى جه‌نگى سووریا چه‌ندان هێرش و ئۆپراسیۆنى بۆ سه‌ر رۆژئاواى كوردستان ئه‌نجام دا، له ئه‌نجامدا سه‌تان هه‌زار كه‌س ئاواره بوون و سه‌دان كه‌سیش له خه‌ڵكى سڤیل كوژراون.
جه‌نگى سووریا له ساڵى 2011 هه‌ڵگیرسا، ئه‌مه‌یش دواى چه‌ند مانگێك بوو له‌و ناڕه‌زاییانه‌ى كه به ناوى به‌هارى عه‌ره‌بییه‌وه ده‌ستى پێ كردبوو. دواتر چه‌ندان رێكخراوى تیرۆریستى تر و هێزى هه‌رێمى و نێوده‌وڵه‌تى چوونه ناو جهنگهگهوه، به‌م هۆیه‌یشه‌وه جه‌نگه‌كه ئاڵۆز بوو تا ئێسته‌یش به‌رده‌وامه.