پڕۆژەی 750 ملیار یۆرۆیی پێشكەشی پەرلەمانی ئەوروپا كرا

:: PM:03:46:27/05/2020 ‌

كۆمسیۆنی ئەوروپا پڕۆژە بڕیاری 750 ملیار یۆرۆی بە ئامانجی زاڵبوون بەسەر تەنگژەی دارایی و لێكەوتەكانی كۆرۆنا، پێشكەشی پەرلەمانی یەكێتییەكە كرد.

لەو بودجەیە 500 ملیار یۆرۆی بۆ یارمەتیدانی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا تەرخان كراوە كە بەهۆی كۆرۆنا زیانیان بەركەوتووە، 250 ملیار یۆرۆش لە چوارچێوەی ئەم قەرزدا پێشكەش بە كەرتە جیاوازەكان دەكرێت.

ئەو پڕۆژە داراییە لە رێی فرۆشتنی كاغەزە داراییەكانی یەكێتی ئەوروپا دابین دەكرێ. كۆمسیۆنی ئەوروپا كە بە بەرزترین دەسەڵاتی جێبەجێكردنی قەوارەی سیاسیی یەكێتی ئەوروپا هەژمار دەكرێت، ئومێدەوارە بە پەسندكردنی ئەو بودجەیە، وێڕای یارمەتیدانی وڵاتانی زیان پێكەوتوو بەهۆی كۆرۆنا، بتوانێت پەرە بە گەشەی ئابووری ئەوروپا بدات و لەو سستبوونەوەیە رزگاری بكات.

بەپێی ئەو پڕۆژەیە ئیتالیا 81 ملیار یۆرۆ، ئیسپانیا 77 ملیار یۆرۆ، یۆنان 22 ملیار یۆرۆ و فڕەنساش 39 ملیار یۆرۆ وەردەگرێت.
پێویستی بە رەزامەندی 27 وڵاتی یەكێتی ئەوروپا هەیە.

بەگوێرەی یۆرۆنیوز بۆ ئەوەی ئەو پڕۆژەیە لە پەرلەمانی ئەوروپا پەسند بكرێ، پێویستی بە رەزامەندی 27 وڵاتی یەكێتی ئەوروپا هەیە. پەسندكردنی پڕۆژەكە ئاسان نییە، چونكە وڵاتانی باكوری یەكێتییەكە بەوە رازی نین یارمەتییەكان تەنیا پێشكەش بە وڵاتانی باشووری یەكێتییەكە بكرێت.

پێویستە بگوترێ بەهۆی كۆرۆنا وڵاتانی باشووری یەكێتی ئەوروپا بەتایبەتی ئیسپانیا و ئیتالیا زیانێكی زۆریان بەركەوتووە، بەڵام لە وڵاتانی باكور كاریگەرییەكە كەمتر بووە.



وشە - سلێمان تاشان