16 تووشبووی نوێی كۆرۆنا لە هەرێم تۆمار كران

:: PM:09:33:27/05/2020 ‌

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سەرانسەری وڵاتانی دنیا بەردەوامە و ئامارەكانی تووشبوون لە شەش ملیۆن نزیك دەبنەوە، ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستی عێراق شەش مردن و 287 حاڵەتی نوێی تووشبوونی راگەیاند، وەزارەتی تەندروستی هەرێمیش لە نوێترین راگەیاندنی، تۆماركردنی 16 تووشبووی نوێی لە پارێزگەی سلێمانی دووپات كردەوە.
دۆخەكە پێویستی بە خۆپارێزی و پابەندییە بە رێنوێنییەكان
وەك لە راگەندراوی وەزارەتەكەدا هاتووە، لە بەردەوامی پشكنین و گەڕان بەدوای گومانلێكراوان، 16 تووشبووی تری ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ، COVID-19، لە پارێزگەی سلێمانی دەستنیشان كران، هەشت پیاو و شەش ئافرەت و یەك كچ و یەك كوڕی گەنج، 14 تووشبوو بەركەوتووی تووشبووانی پێشوون، دوو تووشبووەكەی تر، نیشانەی نەخۆشیان هەیە، هەمووشیان دانیشتوی ناو شاری سلێمانین.

شایەنی باسە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان لە رۆژانی جەژنی رەمەزان، 72 سەعات قەدەغەی هاتوچۆی لە سەرانسەری شارەكانی هەرێم جێبەجێ كرد، وەك رێوشوێنێكی خۆپارێزی و رێگرتن لە كۆبوونەوەی خەڵك و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە، كە بەمدواییە لە هەرێم سەری هەڵداوەتەوە، ئەمڕۆیش لەو چوارچێوەیە قەدەغەی نێوان پارێزگەكانی درێژ كردەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل