نۆ تووشبووی نوێی كۆرۆنا لە هەرێم تۆمار كران

:: PM:11:35:27/05/2020 ‌

دوای ئەوەی ئەمڕۆ چوارشەم وەزارەتی تەندروستی هەرێم، تۆماركردنی 16 حاڵەتی تووشبوونی نوێی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە پارێزگەی سلێمانی راگەیاند، لە راگەندراوێكی تردا تۆماركردنی نۆ حاڵەتی نوێی لە پارێزگەی هەولێر دووپات كردەوە.  

وەك لە راگەندراوەكەی وەزارەتی تەندروستیدا هاتووە، لە بەردەوامی پشكنین و گەڕان بەدوای گومانلێكراوان، نۆ تووشبووی تری ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ COVID-19، لە پارێزگەی هەولێر دەستنیشان كران، ئەوانیش پیاوێكی تەمەن 38 ساڵ و دوو ئافرەت تەمەنیان 39 و 32 ساڵە، هەروەها كچێكی گەنجی تەمەن 15 ساڵ و دوو كوڕی گەنج تەمەنیان 17 و 16 ساڵ و سێ منداڵ تەمەنیان 11 و 7 و سێ ساڵان. 

زیاتر هاتووە، پێنج تووشبوو لە خێزانێكن كە لە توركیا گەڕاونەتەوە و لە كەرەنتین دابوون و دانیشتووی شاری هەولێرن، سێ تووشبوو بەركەوتووی تووشبووانی پێشوون و دانیشتووی عەنكاوەن، تووشبووێك دانیشتووی شاری هەولێرە بەهۆی بوونی نیشانەكان نەخۆشییەكە دەستنیشان كرا.

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سەرانسەری وڵاتانی دنیا بەردەوامە و ئامارەكانی تووشبوون لە شەش ملیۆن نزیك دەبنەوە، ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستی عێراق شەش مردن و 287 حاڵەتی نوێی تووشبوونی راگەیاند، وەزارەتی تەندروستی هەرێمیش تۆماركردنی 16 تووشبووی نوێی لە پارێزگەی سلێمانی دووپات كردەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل