بەهۆی ڕووداوێكی هاتوچۆ دوو كەس گیانیان لە دەست دا

:: AM:09:44:28/05/2020 ‌
بەهۆی ڕوداوێكی هاتوچۆ لە شارۆكەی دووكان، دوو كەس گیانیان لە دەست دا و كەسێك بە سەختی بریندار بوو.

ئەمرۆ پێنجشەم 28ـی ئایار، ڕێبوار سكتانی ئەفسەری هاتوچۆ بۆ كاروباری دەرەوەی شەقامەكانی ناوشار بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ڕووداوێكی هاتوچۆ لە شارۆكەی دووكان هەبوو كە وەرگەڕانی بارهەڵگرێك بە سێ هەزار  مریشكەوە بوو.

كەسێكیش ڕزگار كرا كە برینەكەی سەختە و باری تەندروستی تا ئێستە تەواو جێگیر نییە
ئەو ئەفسەرەی هاتوچۆ گوتی، لە ڕووداوەكەدا دوو كەس گیانیان لە دەست داوە كە بەڕەگەز عەرەبن، كەسێكیش ڕزگار كرا كە برینەكەی سەختە و باری تەندروستی تا ئێستە تەواو جێگیر نییە.

باسی لەوەش كرد، شوێنی ڕووداوەكە شوێنێكی سەخت بووە، بە هەوڵی بەرپرسانی پۆلیس و شارەوانی و بەرگری شارستانی، دوای چەندان سەعات توانرا تەرمەكانیان دەربهێنرێنەوە و ڕەوانەی پزیشكی دادوەری سلێمانی بكرێن.

ئەو ڕووداوە لە كاتێكدایە لە دوای تەواوبوونی قەدەغەی هاتوچۆ لە سێ‌ ڕۆژی جەژن  لە هەرێمی كوردستان ، لە ماوەی كەمتر لە 48 سەعاتدا، ئەوە شەش كەس بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لە دەست دەدەن.



وشە - رامیار جەواد