لەسەر كردنەوەی بازگەكان ڕوونكردنەوە دەدرێت

:: AM:11:10:28/05/2020 ‌
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان ڕوونی دەكاتەوە، و رێدان بە كردنەوەی بازگە و دەروازەكان لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە.

رێدان بە كردنەوەی بازگە و دەروازەكان، لە دەسەڵاتی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار نەبووە و نییە
ئەمڕۆ پێنجشەم 28ـی ئایار، نادر ڕۆستی گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، داخستن و كردنەوەی شوێنەكانی گەشتیاریی هەرێمی كوردستان و رێدان بە كردنەوەی بازگە و دەروازەكان، لە دەسەڵاتی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار نەبووە و نییە.

گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار گوتی، بابەتی بازگەكان پێوەستە بە بارودۆخی تەندروستیی گشتی و كەم و زیادبوونی مەترسی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بۆیە دەسەڵاتی بڕیاردان لە لای لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانە.

باسی لەوەش كرد،  دەستەی گشتیی گەشتوگوزار لە هیچ شوێنێك ئاماژەی بەوە نەكردووە كە هیچ بڕیارێكی بۆ كردنەوەی شوێنەكانی گەشتیاری دابێت.

ئەو گوتانەی ڕۆستی لە كاتێكدایە دوای تەواوبوونی قەدەغەی هاتوچۆ لە سێ‌ ڕۆژی جەژن، هاووڵاتییەكی زۆر دەستیان كردووە بە گەشتكردن بۆ شوێنە گەشتیارییەكان بە مەبەستی وەرگرتنی پشوو.



وشە - رامیار جەواد