پارێزگاری هەولێر هۆشداری دەدات

:: PM:01:12:28/05/2020 ‌
پارێزگاری هەولێر هۆشداری بەو كەسانە دەدات كە لەژێر هەر ناونیشانێك، یان خۆشاردنەوە لەژێر بانگەشەی كێشە و گیروگرفتی هاووڵاتییان، بیەوێت سەقامگیری ئەم شارە تێك بدات.

ئەمڕۆ پێنجشەم 28ـی ئایار، فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، مەترسی كۆرۆنا بەردەوامە، بەڵام نەدەكرا لەوە زیاتر دوكان و بازاڕ رابگرین، بۆیە ئێستە مەترسی خێراتری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە زیاترە، لە كوردستانیش رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێت، بۆیە دەبێت هاووڵاتییان لە ماڵەوە خۆیان بپارێزن.

رێیش نادەین هیچ كەسێك لەژێر هیچ ناونیشانێك، بیەوێت سەقامگیری ئەم شارە تێك بدات 
پارێزگاری هەولێر گوتی، بۆ خۆپێشاندان و بۆچوونی جیاواز ڕێپێدراوە، بەڵام پایتەختی هەرێم زیاتر لە 34 كونسوڵگە و نوێنەرایەتی وڵاتانی تێدایە، ئێرە ناوەندێكی سیاسی و ئابووری و بازرگانی گەورەیە لە عێراق و لە ناوچەكەش، ئێرە شوێنێكە كە پێویستە ئێمە وەك ئیدارەی پارێزگا و هەموو لایەنە سیاسییەكانیش وەك چاوی خۆیان سەقامگیری و ئاسایشی بپارێزین.

باسی لەوەش كرد، لەپێناو پاراستنی ئاسایشی ئەم شارە، هەموو رێككارێكی یاسایی دەگرینەبەر، رێیش نادەین هیچ كەسێك لەژێر هیچ ناونیشانێك، یان خۆشاردنەوە لەژێر ناونیشان و كێشە و گیروگرفتی هاووڵاتییان، بیەوێت سەقامگیری ئەم شارە تێك بدات.

ئەو گوتانەی پارێزگاری هەولێر لە كاتی سەردانی حزبە سیاسییەكان بوو لە شاری هەولێر كە ماوەی دوو ڕۆژە دەستی پێ‌ كردووە.



وشە - رامیار جەواد