بەشێك لە خەڵكی دنیا پێیان وایە شتێك بە ناوی كۆرۆنا نییە

:: PM:03:33:28/05/2020 ‌

پرسی راست یان درۆبوونی كۆرۆنا هێشتا لە دنیادا قسەی لەسەر دەكرێ، سەرەڕای ئەوەی كە بە سەتان هەزار كەس بە نەخۆشییەكە مردوون. ددانپێدانەنان بەم نەخۆشییە لە ناو خەڵكی دنیا بە رێژەی جیاواز هەیە و لە هەندێك وڵات تەنانەت سەرۆكی وڵاتەكەش ددانی پێدا نانێت.

زۆر جار هەر لە كوردستانەكەی خۆمان گوێمان لەو قسانە بووە كە كەسانێك پێیان وایە كۆرۆنا راست نییە و سیاسییەكان بۆ سەرپۆشكردنی تەنگژە و كێشەكان سوودی لێ وەردەگرن. یان دەڵێن هەڵامەتێكی زۆر ئاساییە كە ساڵانی رابردووش هەبووە و  هیچ پێویست ناكات حكوومەت ئەم رێوشوێنە توندانە وەربگرێت.

لە ئەڵمانیا لەسەر هەمان پرس راپرسییەك كراوە و لە ئەنجامدا دەركەوتووە، 20%ی بەشداران پێیان وایە سیاسەتمەداران و حزبە سیاسییەكانیان بە گەورەكردنی كۆرۆنا خەڵك فریو دەدەن، ئەگەرنا شتێك بە ناوی كۆرۆنا نییە.

هەڵبەت لە راپرسییەكەدا ئەوەش دەركەوتووە 80%ی ئەڵمانییەكان پێیان وایە كۆرۆنا مەترسیدارە و پێویستە حكوومەت لە گرتنەبەری رێوشوێنەكان دژی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە بەردەوام بێت.

54%ی ئەو 20%ەی ددانیان بە كۆرۆنا نەنابوو لە ئەندامانی پارتی ئەلتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیان كە بە AFD ناسراوە. 31%یان لایەنگری پارتە سەوزەكانن. 
پارتی ئەلتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە لەگەڵ لابردنی رێوشوێنەكانە دژی كۆرۆنا

پارتی ئەلتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە لەگەڵ لابردنی رێوشوێنەكانە دژی كۆرۆنا و رۆڵی هەیە لەو خۆپێشاندانانەی بۆ لابردنی رێوشوێنەكان لە ئەڵمانیا ئەنجام دەدرێن.

بەگوێرەی دۆیجەوێلە دەگوترێ لە وەڵامدانەوەی پرسیارەكانیش جیاوازییەكی زۆر لە نێوان خەڵكی رۆژهەڵات و رۆژئاوای ئەڵمانیا هەیە و زیاتر خەڵكی رۆژئاوا رێوشوێنەكانی حكوومەت پەسند دەكەن.

ئەوەی جێی تێڕامانە بەڕازیلە كە سەرۆكی وڵاتەكەش باوەڕی بە نەخۆشییەكە نییە و هەر ئەوەش وایكردووە هیچ رێوشوێنێك دژی نەخۆشییەكە نەگیرێتەبەر، سەرووی 26 هەزار كەس بە نەخۆشییەكە بمرن و لە ژمارەی تووشبووانی وڵاتەكە بگاتە دووەمی ریزبەندی ئەو وڵاتانەی زۆرترین حاڵەتی كۆرۆنایان تێدا تۆمار كراوە.

پێویستە بگوترێ سەرووی پێنج ملیۆن و 800 هەزار كەس تووشی كۆرۆنا بوون كە لەو ژمارەیە 360 هەزار كەس گیانیان لە دەست داوە.

لە هەرێمی كوردستان هەرزوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان دژی نەخۆشییەكە رێوشوێنی وەرگرت و سەرەڕای ئەوەی كە داهاتی ناوخۆیی حكوومەت بەهۆی رێوشوێنەكان بە تەواوی دابەزی. سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەر ئەوكات باسی لەوە كرد كە پاراستنی گیانی هاووڵاتییان بە لایانەوە لە داهات گرنگترە.

رێوشوێنەكانی حكوومەت هۆكار بووە لە پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی كوردستان و بە گشتی لە كوردستان پێنج كەس بە كۆرۆنا مردوون كە ئەوانیش خۆیان نەخۆشیی درێژخایەنیان هەبوو. لەمدواییەدا لەگەڵ شلكردنی رێوشوێنەكان ژمارەی تووشبووانی لە كوردستان زیادی كردووە.



وشە - سلێمان تاشان