"ئەندامانی داعش لە دوو دەوڵەت دزەدەكەن بۆ عێراق"

:: PM:05:20:28/05/2020 ‌

لە ماوەی دواییدا هاوكات لەگەڵ سەرهەڵدانی چەند تەنگژەیەك لە عێراق، وەك بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت و كەمبوونەوەی داهاتەكەی، تەنگژەی تەناهی و سەرهەڵدانەوەی جموجۆڵەكانی داعش دروست بووە، پەرلەمانتارێكی عێراق ئاشكرای دەكات كە ئەندامانی داعش لە دوو وڵاتەوە دزە دەكەنە ناو عێراق.
عێراق لە ژێر هەڕەشەی بەردەوامی داعشدایە
گاتع روكابی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەم گوتی، تا ئێستەیش هاتنی چەكدارانی داعش بۆ ناو عێراق بەردەوامە، بەتایبەتی لە سنوورەكانی سووریا و دووپاتی كردەوە كە نهێنی چالاكبوونی رێكخراوەكە بەمدواییە، بوونی دایەنگە و پەناگەیە بۆی لە چەند ناوچەیەك كە شانە نوستووەكانی خۆیانی تیادا حەشار دەدەن، ئەوەیش هۆكاری زیادبوونی جموجۆڵەكانیەتی لە چەند ناوچەیەك.

روونی كردەوە، داعش توانای شەڕوانی خۆی لەدەست داوە، و زۆر لە 2014 لاوازترە، بەڵام شانەی نوستووی هەیە و لێرە و لەوێ هێرش دەبەن و پشت بە شێوازی بگرە و بەردە و جەنگی چەتەیی دەبەستن و هەوڵی زیانگەیاندن بە ئاسایش و سەقامگیری چەند ناوچەیەك دەدەن، دووپاتی كردەوە، ئێستە دزەكردنی ئەندامانی داعش لە سورویا و توركیا بەردەوامە. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل