دووبەردانی: زۆرینەی حاڵەتەكانی تووشبوون بە كۆرۆنا لە مووسڵ لە دەرەوە هاتوون

:: PM:06:56:28/05/2020 ‌

پارێزگەی نەینەوا یەكێكە لە پارێزگە گەورەكانی عێراق و سنوورێكی فرەوانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیە، هاوشێوەی ناوچەكانی تر رووبەڕووی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا هاتووەتەوە و رێوشوێنی توندی خۆپارێزی وەرگرتووە، شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری كورد لەو پارێزگەیە هۆكاری كەمی حاڵەتەكانی تووشبوون بە كۆرۆنا روون دەكاتەوە.
یەكەشەمی داهاتوو قەدەغەی تەواوەتی هاتوچۆ هەڵدەگیرێت
وەزارەتی تەندروستی عێراق رۆژانە ئاماری حاڵەتەكانی تووشبوون بە كۆرۆنا لە سەرانسەری ئەو وڵاتە رادەگەیەنێت، بۆ ئەمڕۆیش 322 حاڵەت هەبوو، جیا لە چوار مردن، ئەوەیش زیاترینە بە بەراورد بە ماوەی رابردوو، بەتایبەتی لە بەغدای پایەتەخت، ئەگەرچی وەزارەتی تەندروستی عێراق یەكێك لە هۆكارەكان بۆ فرەوانكردنی بازنەی پشكنین دەگەڕێنێتەوە، كە پێشتر بەو فرەوانیەی ئێستە نەبووە.

شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەم بە "وشە"ی راگەیاند، وەك دەبینن لە دوایین راپۆرتی رۆژانەی تووشبوون بەو ڤایرۆسە كە وەزارەتی تەندروستی عێراق رۆژانە رایدەگەیەنێت، مووسڵ هیچ حاڵەتێكی تووشبوونی نییە.

زیاتر گوتی، لە مووسڵ رێوشوێنەكانی خۆپارێزی بەردەوامە كە تا یەكشەمی داهاتوو داخستنی تەواوەتی شارەكە هەیە و دوای ئەوە قەدەغەی رێژەیی لەگەڵ رێنوێنیی توندی خۆپارێزی دەست پێ دەكات، وەك بەستنی دەمامك و لەدەستكردنی دەستەوانە، هەروەها سزای دارایی ئەوانەی پێڕەوی رێنوێنییەكان ناكەن، ئەمڕۆ یەكەمجارە وەك تەندروستی مووسڵ رەزامەندی وەزارەتی تەندروستی بەغدا وەرگیرا لە ناو مووسڵ پشكنینی ئاشكراكردنی ڤایرۆسەكە بكرێت و لەلایەن بەغداوە پشتی پێ ببەسترێت.

دووبەردانی روونی كردەوە، ئەمڕۆ 10 كەس پشكنین ئەنجام درا و ئەنجامەكان نێگەتیڤ بوون، بۆیە لەمەودوا مووسڵ پێویستی بە بەغدا نابێت، لە مووسڵ دوو تاقیگە هەن، تاقیگەی تەندروستی گشتی و تاقیگەی نەخۆشخانەی ئیبن ئەسیر، لەوانە پشكنین بۆ خەڵكی شارەكە و ئەوانەیشی لە دەرەوە دێن، پشكنینیان بۆ دەكرێت، روونی كردەوە كە تا ئێستە لە سنووری ئەو پارێزگەیە 32 حاڵەت هەبووە، 15یان لە توركیا هاتوونەتەوە، شەشیان خێزانێكن لە بەغدا گەڕاونەتەوە، نۆی تریش هەر لە توركیا گەڕابوونەوە، تەندروستی هەموویان باشە و لە نەخۆشخانەی شیفا لە مووسڵ كەرەنتینە كراون. 

لەبارەی ژمارەی كەمی تووشبوون لەو پارێزگەیە، ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی كرد، چەند هۆكارێك هەن، لەوانە مووسڵ فڕۆكەخانەی نییە، كە زۆرینەی حاتڵەتەكانی لە دەرەوە دێن، سنووری هاوبەشی لەگەڵ ئێران و توركیا نییە، پارێزگایەكی سوننەنشینە و هاتوچۆی ئێرانی نییە، ئەوانەی لە توركیاش گەڕانەوە كەرەنتین كراون، هەروەها ئەو هێزانەی عێراق و حەشدی شەعبی كە خەڵكی ناوەڕاست و باشوورن، پشكنینی بەردەوامیان بۆ كراوە و نەمانهێشت لە مووسڵ بمێننەوە، جیا لەو رێوشوێنانەی تەندروستی مووسڵ وەری گرتوون.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل