دوایین زانیاری لەبارەی تەواوكردنی كابینەی حكوومەتی مستەفا كازمی

:: PM:07:36:28/05/2020 ‌

لەوكاتەی عێراق بە چەند تەنگژەیەكی سەختی تەندروستی و دارایی و ئابووری و تەناهیدا تێپەڕ دەبێت، تا ئێستە دۆخی سیاسی جێگیر نییە و حكوومەتی مستەفا كازمی كە لە 7ی ئەم مانگە لە پەرلەمان متمانەی وەرگرت، تەواو نەكراوە و ناكۆكییەكان لەسەر وەزارەتەكانی ماون بەردەوامە، پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی "فەتح"، نوێترین زانیاری دەخاتە روو. 
دواكەوتنی تەواوكردنی حكوومەت زەرەرە بۆ هەمووان
حكوومەتی مستەفا كازمی، لە 7ی ئەم مانگە لە پەرلەمان لە كۆی 22 وەزارەت، دەنگ بە 15 وەزارەتی درا و حەوت وەزارەتیش بە وەكالەت بەڕێوە دەچن، كازمی بەڵێنی بە هێزە سیاسییەكان داوە لە دوو هەفتە ئەوانیش پڕ یكاتەوە، بەڵام دوو هەفتەكە تێپەڕی و تا ئێستە ناكۆكی لەسەر كاندیدی ئەو وەزارەتانە بەردەوامە و یەكێك لە كێشەكانی بەردەم رێككەوتنی هەرێم و بەغدایش ئەو پرسەیە.

محەمەد بەلداوی، ئەندامی فراكسیۆنی "فەتح"، لە پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، كۆبوونەوەكان لەوبارەوە بەردەوامن و ئەمڕۆ كۆبوونەوەی سەرۆكایەتی كۆمار و وەزیران سەبارەت بەو بابەتە هەبوو، پرۆسەی یەكلاكردنەوەی ئەو بابەتە چەند بەشێكە، بەشێكی پێویستە بە هاوپەیمانی هێزە عێراقییەكان (سوننە)، بەشێكیشی بە كورد و شیعە، ئەوەی پێوەستە بە كورد هەردوو وەزارەتی دەرەوە و دادە، كە كورد سوورن لەسەر كاندیدكردنی فوئاد حوسێن و خالد شوانی، لەوكاتەی ناڕەزایەتی لەلایەن هێزەكانیتر هەیە و ترسێك هەیە بەوەی ئەوان تێپەڕ نەبن، ئەوەیش دەمانخاتەوە ناو گەڕێكی تری ناكۆكییەكان.

زیاتر گوتی، لەوكاتەی سەرۆك وەزیران دەیەوێ كاندیدی هەر حەوت وەزارەت بەیەك پاكێج پێشكەیش بكات و بێنە تێپەڕكردن، بۆ كۆتاهێنان بەو دۆسیە و سەرقاڵبوون بە دۆسییەكانی تری وەك ئاسایش و ئابووری و هیتریش، لەبارەی وەزارەتەكانیتر، هێشتا ئەوانیش یەكلا نەبوونەتەوە و چەندان كاندید هەن، وەزارەتی نەوت تا ئێستە ناكۆكی لەسەرە لە نێوان پەرلەمانتارانی بەسڕە و هێزە سیاسییەكانیتر، بۆیە تا ئەو ساتەیش یەكلا نەكراوەتەوە و 11-12 كاندیدی هەیە.

هەرچی وەزارەتەكانی رۆشنبیری و كشتوكاڵ و كۆچ و كۆچبەران و بازرگانین، ئەوانیش بەتەواوەتی یەكلا نەبوونەتەوە، لەوكاتەی بڕیارە وەزارەتی رۆشنبیری بدرێتە توركمان و كۆچیش بۆ پێكهاتەكان بێت، سوننە وەزارەتی بازرگانیان یەكلا نەكردووەتەوە، بۆیە ئەوەی هەیە چەند ناوێكن و گفتوگۆیان لەبارەوە دەكرێت، بەڵام زۆری ناوەكان شتێكی باش نییە، بۆیە كۆبوونەوەكان بەردەوامن و هەوڵی رژد لەلایەن سەركردەكان هەیە بۆ چارەسەركردن، راشكاوانە دەڵێین، دواكەوتنی تەواوكردنی حكوومەت زەرەرە بۆ هەمووان.

  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل