ناكۆكییەكان لەسەر وەزارەتەكانی حكوومەتی كازمی بەردەوامە

:: AM:09:37:29/05/2020 ‌
ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی باس لەوە دەکات نایانەوێت باس لە قسە و هەڵوێستیان بکەن ئەگەر شیعە بە کاندیدەکانیان ڕازی نەبن و ئەندامیکی فراکسیۆنی یەکێتییش دەڵێت کێشەیەک هەبوو لە سەرۆکایەتی پەرلەمان، دەشڵێن ئەگەر وەزیری نەوت دیاری نەکرێت هەر گفتوگۆکان بەردەوام دەبن.

نارس هەرکی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، نامەنەوێت پێش ڕووداوەکان بکەوین و قسە لەسەر ئەوە بکەین چی دەکەین و هەڵوێستمان چی دەبێت.

ئەگەر وەزیری نەوت دیاری نەکرێت گفتوگۆکان بەردەوام دەبن
زیاتر گوتى، گفتوگۆکانی هەرێم و بەغدا لە سەر ئاستی هەر دوو حکوومەت دەبێت نەک لەسەر کەسی، بۆیە گفتوگۆکان بەردەوام دەبن لە هەر حاڵەتێکدا.

لای خۆیەوە حسێن نەرمۆ، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، کاتی دەنگدان بە حکوومەت پیش دەنگدان بە دوو کاتژمێر خالید شوانی کاندیدبوو بۆ وەزارەتی داد، بەڵام دوای ئەوە شیعەش پێی رازی بوون، بەلام کێشەیەک لە نێوان سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی حکومەت هەبوو لەنێوان خۆیان و خیلاف دروستبوو.

هەروەها گوتی، شیعە کێشەیان لەگەڵ خالید شوانی نییە و پێوەندی باش هەیە لەگەڵیان و ئامادەن دەنگی پێ بدەن بەڵام ئەو گرفتە دروستبوو بۆیە گەیشتە ئەوێ.

زیاتر گوتی، لە هەر حاڵەتێکدا ئەگەر وەزیری نەوت دیارى نەکرێت گفتوگۆکانی هەرێم و بەغدا بەردەوامیان دەبێت.


لەوكاتەی عێراق بە چەند تەنگژەیەكی سەختی تەندروستی و دارایی و ئابووری و تەناهیدا تێپەڕ دەبێت، تا ئێستە دۆخی سیاسی جێگیر نییە و حكوومەتی مستەفا كازمی كە لە حه‌وتی ئەم مانگە لە پەرلەمان متمانەی وەرگرت، تەواو نەكراوە و ناكۆكییەكان لەسەر وەزارەتەكانی ماون بەردەوامە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - محەمەد میران