هێزه‌كانی پاسه‌وانی سنووری ئێران ئه‌مڕۆ هه‌ینی ئاشكرایان كرد، كه له ئه‌نجامی ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌یه‌ك له ناوچه‌ی سه‌رده‌شتی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، سێ له چه‌كدارانی هێزه‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران كوژران.
محه‌مه‌د فكری یاریده‌ده‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی پاسه‌وانی سنوور له پارێزگه‌ی ئازه‌ربیجانی ڕۆژئاوا ئاشكرای كرد، كه له كاتی هاتوچۆ به ناوچه سنوورییه‌كان له‌لایه‌ن كاروانێكی هێزه‌كانی پاسه‌وانی سنوور، له‌لایه‌ن گرووپێكی چه‌كداره‌وه هێرشیان كراوه‌ته سه‌ر و ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه له نێوان هه‌ردوولا ڕووی داوه.
زیاتر
گوتی، له ئه‌نجامی ئه‌و ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌یه سێ له چه‌كداره‌كانی هێزه‌كانی پاسه‌وانی سنوور كوژراون و ڕێوشوێنی توند له ناوچه‌كه گیراوه‌ته‌به‌ر و گرووپه چه‌كداره‌كه‌یش به‌ره‌و شوێنێكی نادیار ڕۆیشتوون.
تا ئێسته هیچ لایه‌نێك به‌رپرسیاریه‌تی هێرشه‌كه‌ی نه‌گرتووه‌ته ئه‌ستۆ
تا ئێسته هیچ حزبێكی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌رپرسیاریه‌تی ئه‌و كرده‌یه‌ی دژ به كۆماری ئیسلامی ئێران نه‌خستووه‌ته ئه‌ستۆی خۆی و نازانرێ، ئه‌و هێزه‌ی هێرشیان كردووه‌ته سه‌ر هێزه‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران كێن و سه‌ر به چ لایه‌نێكن، به‌ڵام محه‌مه‌د فكری دووپاتی كرده‌وه، كه دواتر ورده‌كاری زیاتر له‌باره‌ی ئه‌و هێرشه بۆ سه‌ر هێزه‌كانیان بڵاو ده‌كه‌نه‌وه.
پێشمه‌رگه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، دوای ده‌ستكردنه‌وه به گه‌ڕانه‌وه بۆ شاره‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ماوه ماوه ئۆپراسیۆن دژی هێزه‌كانی ئێران ئه‌نجام ده‌ده‌ن، هاوكات خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌یش به ته‌واوی هاوكار و پشتیوانیانن و له ماوه‌ی ڕابردوویش هێرشی تر له‌و ناوچانه كراوه‌ته سه‌ر هێزه‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران.