لە هەرێمی كوردستان پرسە بە تەواوەتی قەدەغە دەكرێت

:: AM:11:37:31/05/2020 ‌
بەرپرسێكی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی ڕای دەگەیەنێت، كۆمەڵێك مامۆستای ئاینی داوا دەكەن پرسە بە تەواوەتی لە هەرێمی كوردستان نەمێنێت.

ئەمڕۆ یەكشەم 31ـی ئایار، مەریوان نەقشبەندی بەرپرسی پێوەندییەكانی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، چەند مامۆستایەكی ئاینی پێوەندییان پێوە كردووین بۆ ئەوەی پرسە لە مزگەوتەكان نەمێنێت.

داوای ئەو مامۆستایانە بەشێوەیەكی فەرمی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزارەتی ئەوقاف دەكەین
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ئەوقاف گوتی، داوای ئەو مامۆستایانە بەشێوەیەكی فەرمی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزارەتی ئەوقاف دەكەین كە داوایان كردووە پرسە لە هەرێمی كوردستان نەمێنێت، ئەوەیش دوای بڵاوبوونەوەی چەند گرتە ڤیدیۆیەك كە پێشێلكاریی هاووڵاتییانە لە بڕیاری قەدەغەی پرسە لە ئێستە.

باسی لەوەش كرد، بەشێك لە مامۆستایانی ئاینی داوای بەیەكجاری قەدەغەكردنی پرسە دەكەن، داواكارن دوای تەواوبوونی مەترسییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆناش، پرسە هەر نەمێنێ و دووپات دەكەنەوە كە دانانی پرسە جگە لەبارگرانی بۆ خاوەن مردوو، هیچ بنەمایەكی شەرعیشی نییە و داواكارن پرسە تەنیا بریتی بێت لە بەشداریی ناشتنی مردووەكە لە گۆڕستان.

ئێستە پرسە لە هەرێمی كوردستان دوو ڕۆژە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە لە سێی ئادار دانانی پرسە بەهەموو شێوەیەك ڕاگیراوە.



وشە - رامیار جەواد