یەکێک لە تووشبووەکان: لەبەر ئەو هەناسەتەنگییەی هەمە خۆزگە بە مردن دەخوازم

:: AM:09:20:01/06/2020 ‌
یەكێك لە تووشبووەكانی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان کە کەسایەتییەکی دیارە، باسی ئەو ئازارە دەكات كە  بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە تووشی بووە و دەڵێت، ئەو هەناسەتەنگییەی من هەمە، خۆزگە بە مردن دەخوازم.

دڵشاد ناوی خوازراوی یەكێك لە تووشبووەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنایە كە لە بنەماڵەیەكی دەوڵەمەند و بەناوبانگە، ئەو بۆ "وشە" ڕای دەگەیەنێت، تەنیا هێندە دەڵێم تكایە منداڵەكانتان خۆش بوێت و تووشی ئەو ڤایرۆسەیان مەكەن.

جگە لە پزیشكەكانی نەخۆشخانە هیچ شتێك فریام ناكەوێت
ئەو تووشبووە باسی لەوەش كرد، هێندەی بزانم لە شوێنی كارەكەم تووشی بووم، گوێم بەهیچ ڕێنوێنییەك نەدەدا، هەر بە گاڵتە دەمگوت ڤایرۆسی كۆرۆنا نییە تا خۆم تووش بووم، ئێستەیش ئەو هەناسەتەنگییەی من هەمە، هەزار جار خۆزگە بەمردن دەخوازم، جگە لە پزیشكەكانی نەخۆشخانە هیچ شتێك فریام ناكەوێت.

"ماوەی پێنج ڕۆژە لە نەخۆشخانەم، بەهۆی هەناسەتەنگییەوە نەمتوانیوە لەگەڵ ماڵ و منداڵەكەشم قسە بكەم، ئۆكسجین و یارمەتی كارمەندانی تەندروستی نەبێت، دەمێك بوو مردبووم، هیچ كەسێك نەبووەتە فریادڕەسم، نە پارە و نە دەوڵەمەندی و نە ناوبانگ، تەنیا كارمەندانی تەندروستی نەبێت". ئەو تووشبووە وای گوت.

ئەو بە گریانەوە بۆ خوێنەرانی "وشە" دەڵێت، تكاتان لێ‌ دەكەم ماڵ و منداڵتان خۆش بوێت و بیانپارێزن، من كچێكی هەشت ساڵم هەیە و نەخۆشیی درێژخایەنی هەیە، دڵنیام بەرگەی ئەو ڤایرۆسە ناگرێت، ئەگەر شتێكی لێ بێت هەرگیز لە خۆم خۆش نابم.

تا ئێستە كۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە 710 تووشبوو، لەناویاندا حەوت مردن هەیە و 420 نەخۆش چاك بوونەتەوە، ئێستەش 283 نەخۆش لەژێر چاودێریی پزیشكیدان.



وشە - رامیار جەواد