حكوومەت بڕێك پارە بەسەر هاووڵاتییان دابەش دەكات

:: AM:11:03:01/06/2020 ‌
بەمەبەستی هاوكارییكردنی هاووڵاتییانی هەژار، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دابینكردنی 15 ملیار دیناری داوە و سبەی بڕیار لەسەر شێوازی دابەشكردنی دەدرێت.

ئەمڕۆ دووشەم یەكی حوزەیران، ئاریان ئەحمەد گوتەبێژی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، حكوومەت بریاری داوە بڕی 15 ملیار دینار بەسەر خێزانە هەژارەكانی هەرێمی كوردستان دابەش بكرێت.

ئەنجوومەنی وەزارەتی كار كۆ دەبێتەوە تا میكانیزمێك بۆ ئەو دابەشكردنە دیاری بكرێت
گوتەبێژی وەزارەتی كار گوتی، سبەی ئەنجوومەنی وەزارەتی كار كۆ دەبێتەوە تا میكانیزمێك بۆ ئەو دابەشكردنە دیاری بكرێت كە چۆن و بە چ شێوەیەك ئەو پارەیە دابەش بكرێت.

لە بارەی دابەشكردنی بەسەر ئەو 200 هەزار خێزانە كە پێشتر ناونووس كراون و خۆراكیان پێ‌ دەدرێت ڕوونی كردەوە، ڕەنگە كەسانێك هەبن ناویان نووسرابێت و شایستە نەبن، بۆیە بەیانی بڕیار لەسەر شێوازی میكانیزمێك دەدرێت.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری داوە بڕی 15 ملیار دینار بەسەر هاووڵاتییانی هەژار لە هەرێمی كوردستان دابەش بكات، بەتایبەت ئەوانەی بەهۆی كۆرۆنا زیانێكی زۆریان پێ گەیشتووە و كاریگەری كردووەتە سەر  ژیانیان.



وشە - رامیار جەواد

ئه‌م بابه‌ته 39887 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌