ناوی ئەو كەسانە دەگەڕێتەوە كە وەك هەژار ناویان تۆمار كردبوو

:: AM:10:01:06/06/2020 ‌
بەهۆی بوونی كێشەیەك لە ئاگەداركردنەوە و بوونی قەدەغەی هاتوچۆ لە عێراق بەخشینی پارە بە ماڵە هەژارەکان وەستابوو،  بەڵام لە ڕۆژی دووشەم دەست پێ‌ دەكاتەوە.

ئەمڕۆ شەموو شەشی حوزەیران، سەربەست قادر خاوەنی نووسینگەی گواستنەوەی كی كارد لە گەڕەكی هەڤاڵانی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بڕیار بوو دوای جەژن ڕاستەوخۆ ئەو بڕە پارەیە بەسەر ئەو خێزانانە دابەش بكرایە كە ناویان نووسیوە بۆ مینحەی بێكاری، بەڵام دواكەوت.

ئاگەدار دەكرێنەوە لە ڕێی ژمارە مۆبایلەكانیان دەتوانن لە نووسینگەكانی "كی كارد" پارەكە وەربگرن
ئەو خاوەن نووسینگەیە گوتی، لەلایەن لیژنەكانی سەرپەرشتی ئاگەداریان كردووینەتەوە كە ئەو كەسانەی فۆرمی مینحەیان پڕ كردووەتەوە، رۆژی دووشەم كە دەكاتە هەشتی حوزەیران، ئاگەدار دەكرێنەوە لە ڕێی ژمارە مۆبایلەكانیان دەتوانن لە نووسینگەكانی "كی كارد" پارەكە وەربگرن.

باسی لەوەش كرد، ئەو ناوانە بۆیە وەستابوون كە كێشەیەك لە گواستنەوە و ئاگەداركردنەوە هەبوو بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆ لە عێراق، دوای چارەسەربوونی، ئێستە جارێكی تر دەست دەكرێتەوە بە دابەشكردنی پارەکە.

بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە عێراق و هەرێمی كوردستان، ناوی ئەو كەسانە نووسرا كە زیانی ئابوورییان پێ گەیشتووە و بڕیارە بە بڕێك پارە و خۆراك قەرەبوو بكرێنەوە.



وشە - رامیار جەواد

ئه‌م بابه‌ته 17112 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌