عێراق.. ئاماری رۆژانەی تووشبوون بە كۆرۆنا 1100 حاڵەتی تێپەڕاند

:: PM:04:42:08/06/2020 ‌

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سەرانسەری دنیا روو لە زیادبوونە و ئاماری تووشبوون گەیشتووەتە سەرووی حەوت ملیۆن و 120 هەزار حاڵەت، لەوكاتەی مردن گەیشتووەتە سەرووی 400 هەزار حاڵەت، وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاماری 24 سەعاتی رابردووی بڵاو كردەوە كە زیاتر لە 1100 حاڵەتی نوێی تووشبوون تۆمار كراوە.  
ئامارەكان روو لە هەڵكشانن
وەك لە راپۆرتی رۆژانەی وەزارەتی تەندروستی عێراق بۆ ئەمڕۆ دووشەم هاتووە، لە ماوەی 24 سەعاتی رابردوو 8927 پشكنینی تایبەت بە ئاشكراكردنی ئەو ڤایرۆسە لە تاقیگە تایبەتەكان لە عێراق ئەنجام دراون، لەو ماوەیەدا 1115 حاڵەتی نوێی تووشبوون تۆمار كراون، 539ی لە بەغدا و 107 لە واست و 85 لە سلێمانی و 82 لە میسان و 55 لە بەسڕە و 50 لە نەجەف و 47 لە كەربەلا و 38 لە زیقاڕ و 31 لە بابل و 18 لە دیالە و 17 لە سەڵاحەدین و 15 لە هەولێر و 13 لە موسەنا و 13 لە كەركووك و چوار لە نەینەوا و سێ لە دیوانییە و دوو لە دهۆك بوونە.

هەر لەو راپۆرتەدا هاتووە، 386 حاڵەتی چاكبوونەوە هەبووە 50ی لە سلێمانی و چوار لە كەركووك بووە، لەگەڵ 24 حاڵەتی مردن دوو لە سلێمانی و یەكێك لە كەركووك بووە، بەوەیش كۆی ژمارەی تووشبووان لە عێراق گەیشتووەتە 13481 حاڵەت و چاكبوونەوەیش 5572 حاڵەت و مردنیش گەیشتووەتە 370 حاڵەت. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل