عەبدولەتیف سەلەفی و عەلی باپیر پەیامی توند بۆ یەکتر دەنێرن

:: AM:09:29:09/06/2020 ‌
ڕێبەری سەلەفییەكانی كوردستان داوای دیداری ڕووبەڕوو لە ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان دەكات.

ئەمڕۆ سێشەم نۆی حوزەیران لە پەیامێكی عەبدولەتیف سەلەفی ڕێبەری سەلەفییەكانی كوردستان بۆ عەلی باپیری ئەمیری کۆمەڵ هاتووە، هەرچەندە خەڵك سەرقاڵی كۆمەڵێك كێشە و گرفتە وەك مووچە و ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەڵام تۆ مەشغووڵت كردن بە هێرشكردنە سەر سەلەفییەكان لە جیاتی عەلمانی و خاوەن قەسرەكان.

نەكرێتە منداڵبازاڕی بەهۆی دەستێوەردانی كوڕەكەت و هاوشێوەكانی و خۆتێهەڵقورتاندنی بێ ئاینەكان
ڕێبەری سەلەفییەكان لە پەیامەكەیدا دەڵێت، منیش تەنیا وەڵامێكی كورتی هەندێك لە قسەكانتم دایەوە بەرانبەر سوننەت و سەلەفییەت، جا بۆ ئەوەی ئەو كێشەیەی نێوانمان كە كێشەی شەخسی نییە بە لاڕێدا نەبرێت، نەكرێتە منداڵبازاڕی بەهۆی دەستێوەردانی كوڕەكەت و هاوشێوەكانی  و خۆتێهەڵقورتاندنی بێ ئاینەكان.

لە پەیامەکەیدا زیاتر دەڵێ، ئەوە با خۆم و خۆت دابنیشین و گفتوگۆیەكی كراوە و ئاشكرا بكەین لەسەر ئەو قسانەی كردت لەمبارەیەوە، ڕاستەوخۆش لە كەناڵی ئامۆژگاری و پەیام پەخش بكرێت.

ئەو داوایەی عەبولەتیف سەلەفی لە كاتێكدایە دوێنێ‌ شەریف عەلی باپیر لە نووسینێكی وەڵامی عەبدولەتیف سەلەفی دابووەوە و نووسیبووی، سەرۆكی حزبی مەدخەلییەكانی كوردستان، رێك پێچەوانەی فەرمایشتەكەی خوای پەروەردگار، سەلەفی ناوەكان لەسەر عەلمانییەكان نەرمونیان و كڕ، بۆ مسوڵمانان بوونەتە گوندە و ڕێگر.

 



وشە - رامیار جەواد