سلێمانی كەوتە حاڵەتی مەترسی و هێز دەهێنرێتە ناو شەقامەكان

:: AM:10:45:09/06/2020 ‌
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی ڕای دەگەیەنێت، لە بەیانییەوە سەرجەم مەفرەزەكانی پۆلیس دەچنە ناو شەقامەكان و هەر شوفێرێك سەرپێچی ڕێنوێنییەكانی كۆرۆنا بكات، سزا دەدرێت.

ئەمڕۆ سێشەم نۆی حوزەیران، لە ئاگەدارییەكی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانیدا هاتووە، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی، هەموو هۆیەكانی گواستنەوەی گشتیی تاكسی و پاس و مینیی پاس ئاگەدار دەكاتەوە، پابەندی ڕێكار و ڕێنوێنییە خۆپارێزییەكان بن.

بەپێچەوانەوە ڕێنوێنییە تەندروستییەكان لە سبەینێ چوارشەم 10ـی حوزەیرانەوە لەلایەن مەفرەزەكانمانەوە تووشی لێپێچینەوە دەبن
لە ئاگەدارییەكەدا باس لەوەش كراوە، بەپێچەوانەوە ڕێنوێنییە تەندروستییەكان لە سبەینێ چوارشەم 10ـی حوزەیرانەوە لەلایەن مەفرەزەكانمانەوە تووشی لێپێچینەوە دەبن، سزاكەشی دەست بەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەكەیە، بەپێی بڕیاری لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنی رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا لە پارێزگای سلێمانی.

ئەو ڕاگەیەنراوە لە كاتێكدایە ئێستە ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سلێمانی 800 کەس زیاترە، سەرجەم نەخۆشخانەكان پڕ بوون و زیاتر لە 20 كەسیش گیانیان لە دەست داوە.



وشە - رامیار جەواد