ناوچەكانی نزیك لە مەرزەكان زیاتر لە بەردەم مەترسی كۆرۆنادان

:: PM:04:54:09/06/2020 ‌

بەپێی بەراوردكارییەك  لە نێوان ئیدارەی گەرمیان و ناوچە كوردستانییەكانی دیالە كە خانەقین و شارەدێكانی دەگرێتەوە و بەگەرمەسێر ناسراون، دەركەوتووە ناوچەكانی نزیك لە مەرزەكانی سنووری ئێران، زیاتر لە بەردەم مەترسیی پەتای كۆرنادان.

خالید حەبەل بەرپرسی راگەیاندنی نەخۆشخانەی گشتی خانەقین، ئەمڕۆ سێشەم نۆی حوزەیران بە "وشە"ی راگەیاند، تا ئێستە لە سنووری خانەقین و شارەدێكانی خانەقین كە قەرەتەپە و جەبارە و سەعدیە و گولاڵە لەخۆ دەگرێت، هیچ حاڵەتێكی مردن بەپەتای كۆرۆنا تۆمار نەكراوە، هاوكات  یەك كەس لە خانەقین تووشی پەتای كۆرۆنا بووە.

ئەوە لەكاتێكدایە خانەقین و مەندەلی و ناوچە كوردستانییەكان كە بەدەڤەری گەرمەسێر ناسراون، لەسەر تەندروستی دیالە هەژمار دەكرێن، بەهۆی فشار و هاتوچۆی خەڵكی بەغدا لەگەڵ دیالە، تا ئەمڕۆ 152 كەس بە پەتای كرۆنا تۆمار كراون، هەروەها 14 كەسیش بە هۆی پەتای كۆرۆناوە گیانیان لەدەست داوە.
 
یوسف ئیبراهیم گوتەبێژی قایمقامیەتی خانەقین بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، ماوەی زیاتر لە دوو مانگە دەروازەكانی مونزریە و سۆمار لە سنووری خانەقین و مەندەلی داخراون، ئەوەش كاریگەری خۆی هەیە بۆ پاراستنی ناوچەكە. 

گەرمیان كە لە شەپۆلی یەكەمی كۆرۆنا بە ناوچەیەكی پاك لە قەڵەم دەدرا، بەتایبەت شارۆكەی كەلار بەشارۆكەی ئاڵتوونی ناو دەبرا، ئێستە مەترسی شەپۆلی دووەمی كۆرۆنای كەوتووەتە سەر.

لە گەرمیان تا ئێستە دوو كەس بەو پەتایە گیانیان لە دەست داوە، یەكیان ژنێكی خەڵكی كفری بوو، دووەمیشیان مامۆستایەكی سنووری پەروەردەی كەلار بوو لە گوندی باخەهەنارەی باكوری گەرمیان.
گەنجانی گەرمیان، داوای داخستنی مەرزی پەروێزخانیان كرد، چونكە بە سەرچاوەی مەترسی دەزانن بۆ سەر ناوچەكەیان.

هاوكات ژمارەیەك لە گەنجانی گەرمیان، زیاتر لە جارێك داوای داخستنی مەرزی پەروێزخانیان كرد، چونكە بە سەرچاوەی مەترسی دەزانن بۆ سەر ناوچەكەیان.

سامان حەمید وەك پزیشێكی بە ئەزموون لەسەر نەخۆشییە گواستراوەكان بۆ "وشە" گوتی، كۆرۆنا یەكێكە لە نەخۆشییە گواستراوەكان، بەو پێیەی ئێران ناوچەیەكی مەترسیداری بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا بوو، لەرێی مەرزەكانەوە یان قاچاخ، دەتوانرێ بەهۆكاری گواستنەوەی ئەو پەتایە لە قەڵەم بدرێن.

جگە لە دوو حاڵەتی مردن، تووشبووانی كۆرۆنا لە گەرمیان 50 حاڵەتی تێپەڕاندووە.

گەرمیان / سەبری هۆرێنی 



وشە - سلێمان تاشان