مامۆستایانی ئاینی: خەڵك گوێ لەو كەسانە نەگر‌ێت خۆیان دەپارێزن و ئەوان تووشی پەتا دەكەن

:: PM:05:03:09/06/2020 ‌

 مامۆستایانی ئاینی ئاماژە دەكەن كە داوایان لە هاووڵاتییان ئەوەییە، پابەندی رێنوێنییە تەندروستییەكان بن و گوێ لەو كەسانە نەگر‌ن خۆیان دەپارێزن و هاووڵاتی هەژار تووشی دەرد و بەڵا دەكەن، دووپاتی دەكەنەوە، موسڵمانێك براكەی تووشی نەخۆشی بكات، لای خوای گەورە گوناحبارە، بۆیە خۆپارێزی فەرزە.
خۆپارێزی لە شەریعەتی ئیسلامدا فەرزە
 سالار محەمەد، مامۆستای ئاینی و وتاربێژی مزگەوتی (ئەبوبەكری سدیق)، لە شارۆكەی پێنجوێن، بە "وشە"ی راگەیاند، خوای گەورە ئاینی پیرۆزی ئیسلامی ناردووە بۆ پاراستنی مرۆڤایەتی، خوای گەورە خۆی پاكە و پاكڕاگرانی خۆشدەوێت، پێغەمبەر (د،خ) دەفەرموێت، پاكڕاگرتن بەشێكە لە ئیمان، بە زانستی سەردەمیش، لەگەڵ گەشەكردنی كۆمەڵگە دەبێت خۆپارێزی پەرە پێ بدەین، ڤایرۆسی كۆرۆنا نەخۆشییەكە بەرۆكی گرتووین، بۆیە دەبێت پابەندی رێنوێنییەكانی وەزارەتی تەندروستی بین، وەك ماموستایانی ئاینی، قسە لە پزیشك و پسپۆڕان وەردەگرین كە پێمان دەڵێن دەبێت خۆپارێزی و رێنوێنییەكان جێبەجێ بكەین بۆ دەربازبوون لەم كۆرۆنایە، كەواتە دەبێت رێنوێنییەكان جێبەجێ بكەین.

ئاماژەی كرد، مزگەوت بەشێكە لە سێكتەرەكانی ژیانی مرۆڤایەتی، بۆیە پێویستە موسڵمانان كە دێنە مزگەوت، رەچاوی رێنوێنییەكان بكەن، وەستانەكانی موسڵمان لە كاتی نوێژدا لە سۆنگەی شەرعەوە بێت، ئاینی پیرۆزی ئیسلام بەرژەوەندی تاكەكان لەكوێدابێت ئەوە پەسەند دەكات، وەستان لە نوێژدا شان بە شانی یەكتر سوننەتە، سوننەتەكە ئەوە ناگەیەنێت ئێمە لەولاوە خەتەرێكی گەورە وەك فەرزی لێهاتووە لە سەرمان، فەرامۆش بكەین، بۆیە لەم دۆخە كە كۆرۆنا تەشەنەی كردووە، گیانی مرۆڤەكان لە سەرووی ماڵی خوای گەورەشەوەیە و نابێت بۆ سوننەتێكی وەستان وا بكەین درگەی مزگەوتەكان دابخەین.

 عەلی تاهیر، مامۆستای ئاینی و وتاربێژی مزگەوتی (بوخاری)، لە شارەدێ خورماڵ، بۆ "وشە"ی روون كردەوە، خۆپارێزی لە شەریعەتی ئیسلامدا فەرزە، خوای گەورە دەفەرموێت، مرۆڤ نابێت بە دەستی خۆی موجازەفە بە ژیانی خۆیەوە بكات، مرۆڤ سەنتەرە لای خوای گەورە، كاتێك كەسێك نەخۆش بوو، واجباتە شەرعییەكان وەك رۆژووگرتن، لەسەری دەوەستێت، تەنانەت ئەگەر مەترسی لەسەر ژیانی دروست بوو، حەڕامی بۆ حەڵاڵ دەبێت، خوا داوا لە مرۆڤ دەكات خۆی نەكوژێت و هەرشتێك مرۆڤ بەرەو كوشتن بەرێت، ئەوە خۆكوژییە، بۆیە ئەگەر گوێ بەڕێنوێنییەكان نەدەی كە پێوەندی بە سیاسەتەوە نییە، نەخۆشخانەكان پڕبوون لە نەخۆش.

 روونی كردەوە، بەداخەوە هەندێك بەرپرس هەن لەم وڵاتە، بەڕاستی زۆر نابەرپرسانە دەجووڵێنەوە و مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا دەكەن، زۆرجار لێدوانی ژێرلێوی دەدەن، ئەو لێدوانانەیان دەبێت بزانن لێدوانەكانیان ڕیكۆرد دەكرێت و دوایی بۆیان لێ دەدرێتەوە، دەبێت بەرپرسەكان ڕاستگۆبن لەگەڵ خەڵكی خۆیان، ئەو سیاسیانەی گاڵتەیان بە كۆرۆنا دەهات و لێدوانی پێچەوانەیان دەدا، ئێستە خۆیان زۆر دەترسن لە ڤایرۆسەكە و خۆیان دەپارێزن. تەنیا كەسانێك دەبنە قوربانی خەڵكانی هەژارن، بۆیە داوا لە خەڵك دەكەم نەبنە قوربانی قسەی بەرپرسە نابەرپرس و سیاسییە گەندەڵەكان و خۆتان بپارێزن.

 مامۆستای ئاینی شێخ عرفان شێخ موحسین موفتی، وتاربێژی مزگەوتی (مەولانا خالید)ی نەقشبەندی لە هەولێر، بۆ "وشە" دەڵێت، كۆرۆنا جیهانی گرتووەتەوە و وڵاتانی پێشكەوتووی بەخۆیان دەنازی، ئێستە سەرقاڵی نارەحەتی كۆرۆنان، بۆیە نابێت ئەو پرسە بە سیاسی بكرێت، بەهۆی پابەندبوونی خەڵكەوە بە رێنوێنییەكانی وەزارەتی تەندروستی و ناوخۆ، زۆر سەركەوتووانە قۆناخی یەكەمی كۆرۆنامان كۆنتڕۆڵ كرد، بەڵام پاشان پابەند نەبوونمان بە رێنوێنییەكانی حكوومەت، كە زۆر بەئاگایی هاوڵاتییانیان هۆشیار دەكردەوە، كۆرۆنا بڵاو بوویەوە، كەچی خەڵكانێك كۆرۆنایان بە سیاسی كردووە، راستە دۆخی دارایی خەڵك خراپە، بەڵام نابێت مووچە و دارایی ببەستینەوە بە كۆرۆناوە، بۆیە داوا لە حكوومەت دەكەین بە رژدی كار بكات بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی كۆرۆنا كە خەریكە لە دەرگەی هەموو ماڵێك دەدات، هەروەها  پێویستە مووچەی فەرمانبەران و بژێوی هاووڵاتییان لەلایەن حكوومەتەوە فەراهەم بكرێت.

"دەبێت هەموو چین و توێژەكان پابەندی ڕێنوێنییەكان بن، پەیاممان بە نوێژخوێنان داوە ئەگەر هەڵامەت یان پەتایان هەیە نەیەنە مزگەوت و نوێژەكانیان لە ماڵەوە بكەن خێری جەماعەتی هەیە بۆیان، چونكە ئەوانەی نەخۆشن و دێن و خەڵكی تووشی ناخۆشی و ئازار دەكەن و نەخۆشی دەگوازنەوە، لای خوای گەورە گوناحبار دەبن، عرفان شێخ موحسین موفتی، وای گوت.

 هەڵەبجە / عەزیز ڕەسووڵ





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل