بەرپرسانی تەناهی سەركوتكار بۆ خۆپێشاندەران لە عێراق دادگایی دەكرێن

:: PM:06:02:09/06/2020 ‌

دوای ئەوەی خۆپێشاندەران لە چەند ناوچەیەك لە بەغدا و پارێزگەكانیتر دەستیان بە جموجۆڵ كردەوە و مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بەڵێنی لێپرسینەوەی لەگەڵ بكوژ  و سەركوتكارانی خۆپێشاندەران دا، جێگری پارێزگاری زیقاڕ رای گەیاند كە فەرمانی گرتنیان بۆ هەموو ئەفسەرانی بەشداریان لە سەركوتكردنی خۆپێشاندانەكانی زیقاڕ دەركردووە، لەوانەیش جەمیل شمەری، فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی ئەوكات.
هەوڵی هێوركردنەوەی توڕەیی خۆپێشاندەران دەدرێت
حازم كەنانی، جێگری پارێزگاری زیقاڕ ئەمڕۆ سێشەم لە بەیاننامەیەكدا گوتی، بە ئامادەبوونی ماڵباتی شەهیدان و بەشێك لە خۆپێشاندەران، باسی بابەتی لێپرسینەوەمان لەگەڵ بەرپرسان لە سەركوتكردنی خۆیپێشاندەران لەگەڵ سەرۆكی دادگای تێهەڵچوونەوەی زیقاڕ كردووە، بە مەبەستی وەرگرتنی رێوشوێنی یاسایی دژی ئەوانەی بە بەشداریكردن لە سەركوتكردنی خۆپێشاندەران لە زیقاڕ بەشدارن.

زیاتر گوتی، سەرۆكی دادگاكە لایەنی یاسایی ئەو كەیسەی بۆ ماڵباتی شەهیدان و خۆپێشاندەران روون كردەوە كە تا ئێستە 15 فەرمانی گرتنیان بۆ تێوەگلاوان دەركردووە لە ئەفسەر و فەرماندە تەناهییەكان، لەوانە جەبار مووسەوی، سەرۆكی لیژنەی تەناهی لە ئەنجوومەنی پارێزگاكە لەگەڵ دەستگرتن بەسەر موڵكوماڵەكانی، بەهۆی رووداوەكانی 26ی تشرینی یەكەمی 2019.

كەنانی روونی كردەوە، هەروەها فەرمانی گرتنی جەمیل شمەری، فەرماندەی كردەوەگەلی ئەوكات نوێ كراوەتەوە بە قەدەغەی گەشتكردنی و دەستگرتن بەسەر موڵكوماڵەكانی و بەوەی بە فەرمانی راستەوخۆی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان بگیرێت، جیا لەوە ژمارەیەكی زۆری خۆپێشاندەرانی گیرابوون و كەیسیان لەسەر بووە، بێتاوان و ئازاد كراون.   





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل