زیاتر لە 20 رۆژە مۆری بنكەی تەندروستی مەرزێكی هەڵەبجە دیار نەماوە

:: PM:09:57:09/06/2020 ‌

زیاتر لە 20 رۆژە مۆری بنكەی تەندروستی مەرزی پشتەی سنووری شارەدێ بەمۆی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە لەگەڵ ئێران دزراوە، بەڕێوەبەری شارەدێكەیش ئاماژە دەكات كە لیژنە پێكهێندراوە و تەواوی زانیارییەكان رادەستی دادگا دەكەن.

سمكۆ سالار، بەڕێوەبەری شارەدێ بەمۆ بە "وشە" رای گەیاند، شەوی 16 لەسەر 17ی ئایاری رابردوو، دكتۆر هیوا، بەرپرسی بنكەی تەندروستی مەرزی پشتە ئاگەداری كردینەوە كە مۆرەكەیان بردراوە و دیار نەماوە، ئێمەیش دەستبەجێ لیژنەیەكمان بۆ لێكۆڵینەوە پێك هێنا.
گومان دەكرێت بۆ هاوردەكردنی كاڵای بەسەرچوو و كوالیت نزم برابێت
روونی كردەوە، دەستبەجێ ئەو مۆرەی دزراوە، هەڵمان وەشاندووەتەوە و بۆ رۆژی دوای ئەوە كار بە مۆری بنكەی تەندروستی گوندی گڵەجاڵ كراوە، تا مۆری نوێی بۆ دروست كراوە، واتە بەبێ مۆر رێگە نەدراوە هیچ مادەیەكی خۆراكی پشكنینی بۆ بكرێت و هاوردە بكرێت.

بەڕێوەبەری شارەدێی بەمۆ ئاماژەی كرد، تا ئێستە بە تەواوەتی نازانین كێ مۆرەكەی بردووە و لێكۆڵینەوەی لەسەر دەكرێت، لیژنەكە كۆمەڵێك داتا و زانیارییان هەیە و گومان و سەرەداو لەناو لێكۆڵینەوەی لیژنەكە هەیە، پاش تەواوبوونی لێكۆڵینەوەی لیژنەكە، تەواوی زانیارییەكان ڕادەستی دادگا دەكرێت.

شایەنی باسە دزینی مۆری بنكەی تەندروستی مەرزی پشتە، گومان دەكرێت بۆ هاوردەكردنی كاڵای ماوەبەسەرچوو و كوالیتی نزم برابێت و بیانەوێ لە رێگەی ئەو مۆرەوە بتوانن كاڵای ماوەبەسەرچوو هاوردە بكەن، بەڵام بەرپرسانی كارگێڕی شارەدێكە دووپاتیان كردەوە، ڕۆژێك پاش دیارنەمانی مۆرەكە، كاركردنیان بەو مۆرە ڕاگرتووە.

 هەڵەبجە/ عەزیز ڕەسووڵ



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل