گواستنەوەی ئاژەڵ وەستا

:: AM:08:03:10/06/2020 ‌
بەرپرسێكی سنووری پارێزگای هەولێر ڕای دەگەیەنێت، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، گواستنەوەی ئاژەڵ بۆ ماوەی 20 ڕۆژ دەوەستێت.

بڕیارمان داوە بە قەدەغەكردنی گواستنەوەی هەریەكە لە "مەڕ و كاوڕ و بەرخ"
ئەمڕۆ چوارشەم 10ـی حوزەیران، ئیحسان چەلەبی بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ڕۆژانە ڕێنوێنییەكانی خۆپارێزی لە سنوورەكەمان جێبەجێ‌ دەكرێت بۆ ئەوەی پارێزراو بین.

بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكان گوتی، ئێستە بەئامانجی زیاتر خۆپارێزی لە مەترسییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و ڕێگریكردن لە هاتنە ناوەوەی مەڕوماڵاتی بیانی لە سنوورەكەمان، بڕیارمان داوە بە قەدەغەكردنی  گواستنەوەی هەریەكە لە "مەڕ و كاوڕ و بەرخ".

باسی لەوەش كرد، ئەو بڕیارە بۆ ماوەی 20 ڕۆژ دەبێت و داواش لە هاووڵاتییان دەكەین كەس بۆ وەرگرتنی مۆڵەت سەردانمان نەكات كە ئاژەڵ بگوازێتەوە.

سیدەكان یەكێكە لە شارەدێیەكانی كوردستان و لە رووی كارگێڕییەوە سەر بەشارۆكەی سۆرانە، بە دووری 140 كم لە باكوری رۆژهەڵاتی شاری هەولێر هەڵكەوتووە، خاوەنی 10 گەڕەك و 250 گوند و رێژەی دانیشتووانی نزیك لە 20 هەزار كەسە  .



وشە - رامیار جەواد