عێراق.. 324 پزیشك تووشی كۆرۆنا بوونە

:: PM:04:02:10/06/2020 ‌

 


لەوكاتەی تا ئێستە ئامارەكانی توشبوون بە كۆرۆنا لە سەرانسەری دنیا روو لە هەڵكشانە و تا ئێستە نەتوانراوە پێكوتەی چارەسەری بۆ ئەو ڤایرۆسە بدۆزرێتەوە، پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی كە لە پێشەوەی ئەو جەنگەن، ئەوان بەدوورنین لە بوونە قوربانی، سەندیكای پزیشكانی عێراق ئاشكرای كرد كە تا ئێستە دوو پزیشك مردوون و 324یش تووشی نەخۆشییەكە بوونە.
ئاماری تووشبوونی پزیشكان لە هەڵكشانە
بەپێی بەیاننامەیەكی سەندیكاكە ئەمڕۆ چوارشەم كە ئاماری تووشبوونی پزیشكانی ئاشكرا كردووە، جگە لە هەرێمی كوردستان، تیایدا هاتووە كە كۆی ژمارەی پزیشكانی تووشی ئەو ڤایرۆسە هاتوونەتەوە گەیشتووەتە 324 حاڵەت و دوو مردن، لەوانە 38.8% پزیشكی ژنن، كە دەكاتە 124 حاڵەت، لەوكاتەی تووشبوونی پزیشكانی پیاو 200 حاڵەت بووە، كە دەكاتە 61.2%.

بەپێی بەیاننامەكە زیاترین پارێزگا كە قوربانی پزیشكانی هەیە بەغدایە كە 170 پزیشك تووشی ڤایرۆسەكە بوونە و دوای ئەو بەسڕەیە كە 37 پزیشكن و ئینجا كەربەلا 27 پزیشك و زیاترینیان پزیشكی جێنشینی خولین، كە 122 پزیشكن و دوای ئەوان جێنشینی دێرین، 112 پزیشكن، دووپاتی كردەوە كە دۆخی تەندروستی بەشێك لەوان لە نێوان توند و خراپە و پێشبینی زیادبوونی ژمارەی تووشبوون لە رۆژانی داهاتوو دەكرێت.





 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل