كۆماریەكان رێگە بۆ سەپاندنی سزای قوڕس بەسەر ئێران خۆش دەكەن

:: PM:09:33:10/06/2020 ‌

لیژنەی توێژینەوەی پارتی كۆماری لە ئەمەریكا رێنوێنی داوە بە سەپاندنی قوڕسترین سزا بەسەر ئێران و باڵەكانی لە ناوچەكە و كۆتاییهێنان بە بەخشین لە سەپاندنی سزاكان، كە رێگە بە ئێران دەدات  پارەی دەست بكەوێت. 
چەند كەرتێكی تری ئابووری ئێران دەكرێنە ئامانج
رێنوێنییەكانی ئەو لیژنە لە چوارچێوەی ستراتیجیەتێكی نوێی تایبەت بە ئاسایشی نەتەوەییەوە هات بەناونیشانی "زیادكردنی هێزی ئەمەریكا و رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە جیهانییەكان، رێنوێنییەكە بەشێكە لە پڕۆژەیاسایەكی نوێی سزاكان كە كۆمارییەكان خۆیان بۆ پێشكەیشكردنی بۆ كۆنگرێس ئامادە كردووە، ئەویش ئەوانە دەكاتە ئامانج كە لە ناوچەكە پێوەندیان بە ئێرانەوە هەیە و كۆتایی بە بەخشینی جێبەجێكردنی سزاكانی سەر تاران دێنێت لە چەند ناوچەیەكی وەك عێراق.  

راپۆرتەكانی رۆژنامەوانی ئاماژە دەكەن كە پڕۆرژەیاساكە دەبێتە قوڕسترین سزا كە كۆنگرێس بەسەر ئێرانی سەپاندبێت، جۆ ویڵسن، ئەندامی كۆنگرێس و پاڵپشت بۆ پڕۆژەیاساكە دەڵێت، پڕۆژەكە 140 دەستپێشخەری دژ بە ئێران لەخۆ دەگرێت و پاڵ بە رووسیا و چینەوە دەنێت بۆ توندكردنی گوشارەكانیان بۆ سەر ئێران.

هەوڵی دەركردنی ئەو پڕۆژەیاسایە هاوكاتە لەگەڵ هەوڵەكانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا، بۆ نوێكردنەوەی سەپاندنی قەدەغەی فرۆشتنی چەك بە ئێران كە لە ئۆكتۆبەری داهاتوو كۆتایی دێت، لیژنەكە داوای كردووە لە سزاكان چەند كەرتێكی تری ئابووری ئێران بكرێنە ئامانج و یاسا دەربكرێت بۆ راوەدوونانی پاڵپشتیكاران بۆ میلشیاكانی حزبوڵا لەوانەی لە دەرەوەی ئەو حزبەن، وەك نەبی بەری، سەرۆكی پەرلەمانی لبنان و جەبران باسیل، سەرۆكی رەوتی نیشتمانی سەربەخۆ، جیا لە وەزیرەكانی حزبوڵا لە حكوومەتی لبنانی و ئەوانەیشی ئەو حزبە پاڵپشتیان دەكات.     




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل