وەزیری كشتوكاڵ داوای كۆبوونەوەی پەرلەمان دەكات

:: PM:01:33:11/06/2020 ‌
وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، داوا لە پەرلەمانی كوردستان دەكات بەخێرایی كار بكەن بۆ دەركردنی یاسای زێدەڕۆیی بۆ سەر زەوییە كشتوكاڵییەكان.

ئەمڕۆ پێنجشەم 11ـی حوزەیران، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاندووە، داوامان كردووە هەرچی زووە پڕۆژە یاسای گەڕاندنەوەی زەوییە كشتوكاڵییەكان كە‌ زێدەڕۆییان تێدا كراوە پەسەند بكرێت، چونكە نابێ بە هیچ شێوەیەكی زێدەڕۆیی لە زەوییە كشتوكاڵییەكان بكرێت.

لە ڕووی یاساییەوە لە پەرلەمانی كوردستان چارەسەرێكی ڕیشەیی بۆ ئەو زەوییانە دەدۆزرێتەوە
وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو گوتی، مەرج بۆ ئەو كەسانە دادەنرێت ئەو زەوییە كشتوكاڵییانە بەكار دەهێنن، حكوومەتی هەرێم مەرجەكان دیاری دەكات تا لە ڕووی یاساییەوە لە پەرلەمانی كوردستان چارەسەرێكی ڕیشەیی بۆ ئەو زەوییانە دەدۆزرێتەوە.

كشتوكاڵ بوارێكی سەرەكیی گرنگیدانمان دەبێت، كار دەكەین بۆ پێشخستنی ئەم كەرتە بە ئامراز و ئامێری پێشكەوتوو و فراوانكردنی جۆری و چەندیی بەرهەم بەپێی بنەما زانستییەكان. كار دەكەین بۆ بەكارهێنانی سەرچاوە ئاوییەكان و دروستكردنی بەنداوە وەرزی و هەمیشەییەكان، گلدانەوەی ئاوی پێویست بۆ بواری كشتوكاڵ و زیادكردنی ڕووبەری سەوزایی لە هەریم.

لە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، كار دەكەین بۆ ئابوورییەكی فرەچەشن و فرەرەهەند كە تەنیا پشت بە نەوت و غاز نەبەسترێت، بۆ ئەم مەبەستە پەرە بە كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری دەدرێت و هەوڵ بۆ ڕاكێشانی وەبەرهێنانی دەرەكی لەم كەرتانەدا دەدەین.
 



وشە - رامیار جەواد