لە كوردستان ژمارەی نەخۆشانی كۆرۆنا 500 هێندە و قوربانیانیش شەش هێندە زیادی كرووە

:: PM:02:10:11/06/2020 ‌

لە ماوەی كەمتر لە مانگێكدا لە هەرێمی كوردستان، ژمارەی ئەو نەخۆشانەی كۆرۆنا كە لە نەخۆشخانەكان خراونەتە ژێر چاودێرییەوە، 500 هێندە و ژمارەی قوربانیانیش شەش هێندە بەرز بوونەتەوە. وەزارەتی تەندروستیش لە زیاتر هەڵكشانی ئامارەكە هۆشداری دەدات، ئەگەر هاووڵاتییان پابەندی رێنوێنییەكان نەبن.

هەمووی مانگێك نابێ ژمارەی قوربانیانی هەرێمی كوردستان بە هۆی كۆرۆنا پێنج كەس بوو، كەچی ئێستە بۆ شەش هێندە بەرز بووەتەوە. هاوكات ژمارەی ئەو نەخۆشانەش كە لە نەخۆشخانە لە ژێر چاودێریدا مابوون سێ كەس بوون، بەڵام ئێستە بۆ هەزار و 128 كەس بەرز بووەتەوە و ژمارەكە زیاتر لە 500  هێندە بەرز بووەتەوە.

دکتور محەمەد قادر گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ "وشە" هۆشداری دا لە زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە كوردستان، داوای لە هاووڵاتییان كرد وریا بن و رێنوێنییە تەندروستییەكان 100% جیبەجێ بكەن بۆ ئەوەی پارێزراو بن لە نەخۆشیی كۆرۆنا.

ئەو روونی كردەوە، ئێستە هەموو شوێنێكی كوردستان مەترسیدارە و ڤایرۆسەكە بە سەرجەم شار و گەڕەك و كۆڵان  و شوێنەكان بڵاو كراوەتەوە، هەموو شوێنێك مەترسییە بۆ بەركەوتن و تووشبوون بە كۆرۆنا. وەك زیاتر خستیەڕوو، زۆر لە تووشبووانی كۆرۆنا نیشانەیەكی ئەوتۆیان نییە و لەوانەیە خۆشیان نەزانن تووشی كۆرۆنا بوون و ببنە هۆی گواستنەوەی ڤایرۆسەكە بۆ شوێنی تر.
هەزار و 128 تووشبوو ڤایرۆسەكە لە جەستەیاندا چالاكە.
 
لە هەرێمی كوردستان تا ئێستە هەزار و 709 كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیە 551 تووشبوو چارەسەر كراون، 30 تووشبووش گیانیان لەدەست داوە و ئێستە هەزار و 128 تووشبوو ڤایرۆسەكە لە جەستەیاندا چالاكە. بە پێی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی 58%ی كۆی تووشبووانی كۆرۆنا لە هەرێمی لە رەگەزی نێرن و 42% یان لە رەگەزی مێن.

ڤایرۆسی كۆرۆنا لە كوردستان كاتێك پەرەی سەند كە رێوشوێنەكانی كەرەنتین نەمان و خەڵكیش رەچاوی رێنوێنییەكانی خۆپاراستنیان نەكرد، هەندێك لایەنیش تێكەڵاوی ململانێ و ناكۆكییە سیاسییەكانیان كرد و خەڵكیان بە لاڕێدا برد.



وشە - سلێمان تاشان