ئێران بۆ لەسێدارەدانی گەنجێكی كورد یاساكانی خۆشی پێشێل دەکات

:: PM:03:52:11/06/2020 ‌
سزای لەسێدارەدانی هیدایەت عەبدوڵا پوور زیندانیی سیاسی رۆژهەڵاتی كوردستان كە چەند رۆژ لەمەوبەر جێبەجێ كرا، تەنانەت پێچەوانەی یاساكانی ئێران بووە و پارێزەرەكەی دەڵێت، سەریان سوڕماوە لەو جۆرە سزادانە و دەبوو لانی كەم ئەو و بنەماڵەكەی ئاگادار بكرانایەوە.

عوسمان موزەیەن پارێزەری هیدایەت عەبدوڵا پوور لەو لێدوانە ڤیدیۆییەی بۆ رای گشتی و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان  بڵاوی كردووەتەوە، دەڵێت دادگای ورمێ بە هیچ شێوەیەك ئەوی لە جێبەجێكردنی حوكمی سێدارەدانی هیدایەت عەبدوڵا پوور ئاگادار نەكردووەتەوە و لە بنەماڵەكەیەوە زانیویەتی حوكمەكە جێبەجێ كراوە.

وەك زیاتر دەیخاتەڕوو، دوای كۆتاهاتنی دادگاییكردنی هیدایەت و دەرچوونی حوكمی سێدارە لە چوارچێوەی رێوشوێنە یاساییەكان، داوای پێداچوونەوە بەسەر حوكمەكەیاندا كردووە و لە دادگاكانی ورمێ و شنۆ دەستی دەستییان پێ كردووە، چەند جارێكیش داوای ئەوەیان كردووە لێبوردن بۆ هیدایەت دەربكرێ چونكە شایانی ئەوە نییە لەسێدارە بدرێت، بەڵام وەڵام نەدراوەتەوە.

بەگوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆییەی كە كۆپییەكی دەست "وشە" كەوتووە، پارێزەرەكە ئاماژەی داوە هیدایەت لە هیچ چالاكییەكی سەربازیی بەشداری نەكردووە و چەكی پێ نەبووە، دەبوو هاوشێوەی تۆمەتبارەكانی تر تەنیا ماوەیەك زیندانیی بۆ ببڕایە یان ئازاد بكرایە.

پارێزەرەكە دەڵێت، "یەك مانگە لە چارەنووسی هیدایەت ئاگادار نیم و وەڵامیان نەداومەتەوە. سەردانی دادگای ورمێم كردووە گوتوویانە دۆسیەكەی بەمەبەستی جێبەجێكردن بۆ شنۆ نێردراوە، كە سەردانی دادگای شنۆشم كردووە  گوتوویانە دۆسیەكە نەگەیشتووەتە شنۆ و ئاگایان لە دۆسیەكە نییە."

وەك عوسمان موزەیەن باسی دەكات، چەندان جار بە نووسراو داوایان لە دادگای ورمێ كردووە بەپێی یاساكان پارێزەر و بنەماڵەی هیدایەت مافی خۆیانە ئاگاداری چارەنووسی كوڕەكەیان بن.

هەر بەپێی یاساكانی ئێران هەر كەسێك لە سێدارە بدرێ، دەبێ بەر لە سێدارەدانی لەگەڵ بنەماڵەكەی قسە بكات و ماڵاواییان لێ بكات، بەڵام ئەمە بۆ هیدایەت نەكراوە و تەنانەت پارێزەرەكەشی ئاگادار نەكراوە، بۆیەش پارێزەرەكە دەڵێت "هێشتا نازانم هیدایەت زیندووە یان مردوو، چونكە هیچ شتێكی فەرمیم پێ نەگوتراوە."

پێویستە بگوترێ هاوینی  ساڵی 2016  رووبەڕووبوونەوەیەكی چەكداریی لە نێوان پێشمەرگەكانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و سوپای پاسداران لە گوندی قەرەسەقەلی شنۆ رووی دا، بەهۆیەوە چەندان پێشمەرگە شەهید بوون و كۆمەڵێك جاش و پاسداریش كوژران.

دوای ئەم رووداوە سوپای پاسداران دەستی بە گرتنی خەڵك كرد بە بیانووی ئەوەی هاوكاریی حزبی دیموكراتیان كردووە و دەیان كەسی گرتووە.
سەرووی دوو مانگ لە بنكەی ئیتڵاعاتی شنۆ ئەشكەنجە درا، ددانپێدانانی بەزۆری لێ وەرگیرا

لەو ماوەیەدا حوكمی جیاواز بەسەر چەندان كەسدا سەپێنراوە و ئەوەی سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرابوو، هیدایەت عەبدوڵا پوور بوو كە مانگ و نیوێك دوای رووداوەكە گیرا و سەرووی دوو مانگ لە بنكەی ئیتڵاعاتی شنۆ ئەشكەنجە درا، ددانپێدانانی بەزۆری لێ وەرگیرا و دواتر لە دادگا بە تاوانی ئەندامێتی حزبی دیموكراتی كوردستان سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرا و لە ساڵی 2018 حوكمەكە لە دەزگای دادوەری ئێران پەسند كرا.

چەند رۆژ لەمەوبەر بڵاو كرایەوە، هیدایەت عەبدوڵا پوور لە سێدارە دراوە كە بووە مایەی دڵتەنگیی ئازادیخوازانی كورد لە هەرچوار پارچەی كوردستان.



وشە - سلێمان تاشان