پشكنینەكانی كۆرۆنا لە كۆیە و بلێ پاك بوون

:: AM:11:54:13/06/2020 ‌
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی كۆیە و نەخۆشخانەی بلێ لە سنووری مێرگەسوور و بارزان، ڕای دەگەیەنن ئەنجامی پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە شارۆكەی كۆیە و گوندەكانی سنووری بلێ، "سەرجەمیان پاك دەرچوون".

ئەمڕۆ شەموو 13ی حوزەیران، لە دوو ڕاگەیانراودا تەندروستی كۆیە و نەخۆشخانەی بلێ، ئەوەیان خستە ڕوو كە ئەنجامی سەرجەم پشكنینەكانی سنوورەكانیان، كە پێشتر تووشبووی كۆرۆنای تێدا تۆمار كراوە و ترسی لای هاووڵاتییان دروست كردبوو، "هەموویان نێگەتیڤ (پاك) دەرچوون."

هەموو پشكنینەكان پاك دەرچوون و هیچ تووشبوویەكی نوێ تۆمار نەكراوە
بەپێی زانیاری ناو راگەیەندراوەكان كە وێنەیان دەست "وشە" كەوتووە، 60 پشكنینی تاقیگەیی لە كۆیە و سەرجەم پشكنینەكانی شارەدێی تەقتەق /رۆژئاوای كۆیە/ كە 40 پكنین بوون، تێكڕا نێگەتیڤ بوون و هیچ كەسێك تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا نەبووە. بەڵام تەندروستی كۆیە دووپاتی دەكاتەوە كە "لەگەڵ ئەم ئاماژە دڵخۆشكەرانەدا، دەبێت هاووڵاتی مەترسی ڤایرۆسەكە وەك خۆی وەربگرن و خۆیان بە تەواوی بپارێزن".

لای خۆیەوە تەندروستی بلێ كە بە فرەوانی سێ گوندی كەرەنتینكراوی ناوچەكەیان پشكنیوە، دوای ئەوەی هاووڵاتییەكی هەڵگری ڤایرۆسەكەی تێدا ئاشكرا بووبوو، ئەمڕۆ شەموو دووپاتی كردەوە كە هەموو پشكنینەكان پاك دەرچوون و هیچ تووشبوویەكی نوێ تۆمار نەكراوە.

بەگوێرەی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی كوردستان، دوو هەزار و چوار تووشبوون، لە ‌ناویاندا  38 مردن هەیە و 559 نەخۆش چاك بوونەتەوە، ئێستەیش هەزار و 297 نەخۆش لەژێر چاودێری پزیشكیدان.



وشە - رامیار جەواد