ئامێرێكی پشكنینی كۆرۆنا لە كار كەوت

:: PM:01:53:13/06/2020 ‌
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر ڕای دەگەیەنێت، یەكێك لە ئامێرەكانی پشكنین بۆ تووشبووانی كۆرۆنا لە كار كەوتووە، ئەوەیش وایكردووە دەرچوونی ئەنجامەكان دوا بكەوێت.

ئەمڕۆ شەموو 13ـی حوزەیران، دلۆڤان محەمەد بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ژمارەی تووشبووان بەكۆرۆنا زۆر بووە و ئێستە تەنیا دوو نەخۆشخانە بەردەستن بۆ تووشبووانی كۆرۆنا كە نەخۆشخانەی ئیماراتی و ڕزگارین.

باسی لەوەش كرد، پێشبینی دەكرێت ژمارەی تووشبووان زیاد ببێت و پێویستە پلانێكی نوێ‌ دابنێین، ئەوەش بۆ ئەوەی ئەگەر تووشبووانی كۆرۆنا زیاد بوو لە شوێنی تر جێگیر بكرێن.

كاتی دەرچوونیان لە 12 سەعات زیاتری پێ‌ بچێت
روونی كردەوە، هەردوو بەشە ناوخۆیی 18ـی شوبات و  شەوی شێخ یەزدین پێشنیار كراوە، ئێستە بەشە ناوخۆیی 18ـی شوبات تەنیا بلۆكی یەك بەكار دێت و 90 ژوورە بۆ ئەو كەسانەی تووشبوونیان بە سووكییە، هەروەها بەشە ناوخۆیی شەوكەت شێخ یەزدینش بەكار دەهێنین ئەگەر پێویست بوو هیوادارین نەگەینە ئەو حاڵەتە.

ئەوەشی ئاشكرا كرد، بەهۆی دروستبوونی كێشە لە یەكێك لە ئامێرەكانی پشكنین، كێشەی دەرچوونی ئەنجامەكان بۆ پشكنینی تووشبووان دروست بووە و ئەوەش وایكرد ئەنجامی پشكنینەكان درەنگ بكەوێت كە بووە هۆكاری ئەوەی پشكنینەكان كاتی دەرچوونیان لە 12 سەعات زیاتری پێ‌ بچێت.

لەبارەی چارەنووس و تەندروستی نەخۆشەكانی هەولێر گوتی، ئێستە سێ‌ نەخۆش باری تەندروستییان ناجێگیرە و چاكبوونەوەیان سەختە.



وشە - رامیار جەواد