دوایین زانیاری لەبارەی سەردانی شاندی هەرێم و گفتوگۆكانی هەولێر و بەغدا

:: PM:10:54:17/06/2020 ‌

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق رای دەگەیەنێت، هەرێمی كوردستان شاندی ئامادەیە بۆ ئەوەی سەردانی بەغدا بكات، بەڵام بەغدا بەهۆی كێشەی هونەرییەوە داوای كردووە ئەو سەردانە چەند رۆژێك دوابكەوێت.
دواخستنی سەردانەكە پێوەندی بە وەزارەتی نەوتی عێراقەوە هەیە
ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، هەرێمی كوردستان ئێستە هیچ گرفتێكی نییە و شاندی ئامادەیە بچێتە بەغدا، پێشتر سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیی پێشان داوە بچێتە بەغدا.

روونی كردەوە، هەرچەندە بڕیاربوو لەم هەفتەیە، شاندی هەرێمی كوردستان بچێتە بەغدا، بەڵام بەغدا داوای كردبوو چەند رۆژێك سەردانەكە دوا بكەوێت و هۆكارەكەیشی كێشەی هونەری بووە، كرۆكی كێشەكەیش پێوەندی بە وەزارەتی نەوتی عێراقەوە هەیە.

سەبری دووپاتی كردەوە، لە كاتی سەردانەكەی شاندی هەرێم بۆ بەغدا، گفتوگۆ دەكرێت لە بارەی چەند پرسێكی گرنگ، لەوانە نەوت و بودجە و داهاتی ناوخۆ، هەروەها لەسەر پرسی گاز و كارەبایش گفتوگۆ دەكرێت، هەموو ئەوانە لە چوارچێوەی دەستووردا دەبێت.

دووپاتی كردەوە، وا بڕیارە كە هەفتەی داهاتوو شاندی هەرێم بچێتە بەغدا، ئەمە بڕیاری لەسەر دراوە، بەڵام نازانرێت تا ئەوكات چی دەگۆڕێت و روودەدات.

شایەنی باسە، پێشتر بریاربوو ئەم هەفتەیە شاندی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات لەبارەی كێشەكانی نێوانیان گفتوگۆ بكەن، بەڵام سەردانەكە لەسەر داوای بەغدا دواخراوە، لەوكاتەی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، هەركات بەغدا ئامادە بوو، ئامادەین بچینە بەغدا، ئەمڕۆیش لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، هاتە راگەیاندن كە شاندی هەرێم لە هەفتەی داهاتوو دەچێتە بەغدا.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل