بەرپرسێكی پێشووی یەكێتی: ئەوانەی گوتیان كۆرنا نییە لەهەر وڵاتێك بوونایە دادگایی دەكران

:: PM:09:30:20/06/2020 ‌

بەرپرسێكی پێشووی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان رای دەگەیەنێت، ئەوانەی گوتیان كۆرۆنا بوونی نییە و لەپێناو ململانێی سیاسی و موزایەدەدا خەڵكیان لە جێبەجێكردنی رێنوێنییەكان سارد كردەوە، لەهەر وڵاتێكی تر بوونایە، راپێچی دادگا دەكران.
ساردكردنەوەی خەڵك وای كرد سلێمانی بەم دۆخەی ئێستە بگات
حەسەن بارام، بەرپرسی پێشووی بازنەی حەمرینی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان، ئەمڕۆ شەموو 20ی حوزەیران، بە "وشە"ی راگەیاند، ئەوانەی پرسی كۆرۆنایان بۆ مەرامی سیاسی بەكار هێنا و وایان كرد خەڵك لە رێنماییەكان سارد ببێتەوە، بەوەی كە گوتیان كۆرۆنا نییە، لەهەر وڵاتێك بوونایە، راپێچی دادگا دەكران و سزا دەدران.

زیاتر گوتی، لە هیچ وڵاتێكدا  كەس نەیگوتووە كۆرۆنا نییە، چونكە پەتاكە جیهانییە و سەدان هەزار كەسی تووش كردووە، بارام كە ئێستە زیاتر وەك چاودێری سیاسی دەردەكەوێت، ئەوەی نەشاردەوە، كە لە هەرێمی كوردستان ململانێیەكی سیاسی ناشەریفانە هەیە و لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان، بەشێك لە كەسایەتی و لایەنە سیاسییەكان یاری بە مەرگی هاووڵاتییانیش دەكەن.

دكتۆر هێرش سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، ساردكردنەوەی خەڵك لە پابەندبوونیان بە رێنماییەكانی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، وای كرد سلێمانی بەم دۆخەی ئێستە بگات.

روونی كردەوە، ئەو كەسانە رۆڵێكی زۆر خراپیان گێڕا، لە تەشەنەسەندنی ڤایرۆسەكە، ئێستە سلێمانی لە دۆخێكی خراپدایە.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل