یاریزانێكی بەناوبانگی عێراقی بە كۆرۆنا گیانی لە دەست دا

:: AM:08:52:21/06/2020 ‌
ئەحمەد ڕازی یاریزانی بەناوبانگی عێراق بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانی لە دەست دا، بەناوبانگترین یاریزانەكانی سەردەمی زێڕینی تۆپی پێی عێراق ناسرا بوو.

ئەمڕۆ یەكشەم 21ـی حوزەیران میدیاكانی عێراق بڵاویان كردووەتەوە، ئەحمەد ڕازی یاریزانی دێرین و بەناوبانگی عێراقی، بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانی لە دەست دا.

بەهۆی گۆڵە جوانەكانیەوە عێراقی گەیاندووە بە قۆناغی كۆتایی پاڵاوتنی جامی جیهانی
ڕۆژی 13ی حوزەیران، ئەحمەد رازی ئەستێرەی تۆپی پێی عێراقی تووشی كۆرۆنا بوو و گواسترایەوە نەخۆشخانەی "نەعمان" لە ئەعزەمییە، دوای ئەوەی بەشێك لە نیشانەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنای تێدا دەركەوتووە، باس لەوە دەكرێت كە تووشی تەنگەنەفەسی بووە. هەر بەوهۆیەوە گیانی لە دەست دا.

ئەحمەد ڕازی یاریزانێكی تۆپی پێی عێراقییە و بەناوبانگترین یاریزانەكانی سەردەمی زێڕینی تۆپی پێی عێراقە، لە 21ی ئاداری 1964 لەدایك بووە و سەرەتا لەگەڵ یانەی زەورا دەستی بەیاریكردن كردووە و وەكو هێرشبەر ناوبانگی دەركرووە، دواتر لە ساڵی 1983 لە جامی فەلەستین بۆ گەنجان سەرەتای ناو پەیداكردنی بووە لە وڵاتە عەرەبییەكان. 

ئەحمەد ڕازی لەگەڵ هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق یاری كردووە و بەهۆی گۆڵە جوانەكانیەوە عێراقی گەیاندووە بە قۆناغی كۆتایی پاڵاوتنی جامی جیهانی، هەروەها ڕۆڵێكی بەرچاوی هەبووە لە بردنەوەی عێراق لەجامی كەنداو، بەتایبەتی لە ساڵی 1988 كە نازناوی گۆڵكەری جامەكەی بەدەست هێناوە، لە هەمان ساڵیشدا نازناوی باشترین یاریزانی لە ئاسیا بەدەست هێناوە و ڕۆڵێكی بەرچاوی گێڕاوە لە نەوەتەكاندا، دوا یاریشی لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق بەرانبەر بە پاكستان بووە لە ساڵی 1997.

ئەحمەد ڕازی یەكەم یاریزان بووە لە مێژووی عێراقدا لە جامی جیهانی گۆڵ تۆمار بكات دژ بە بەلجیكا، دووەم گۆڵكەری تیپی عێراق كە 65 گۆڵی بۆ تیپەكەی تۆمار كردووە، بەیەكەم گۆڵكەریش دێتە ژمار لە تیپی گەنجانی عێراق و 17 گۆڵی بۆ ئەو تیپە تۆمار كردووە.

ئەحمەد ڕازی لە ساڵانی دواییدا بووەتە سیاسەتمەدارێكی عێراقی و لە ساڵی 2008 وەكو ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی بەرەی تەوافوقی عێراقی هاتووەتە هەڵبژاردن و بووەتە ئەندامی لیژنەی وەرزش و لاوانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دواتر بووەتە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی عێراقییە كە ئەیاد عەلاوی سەرۆكایەتی دەكرد.






وشە - رامیار جەواد